٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەولێر دەیباتەوە... بەغدا سكاڵای لە بارەی فرۆشتنی نەوت تۆمار كردووە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا - تایبەت بە KDP.info- دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق سكاڵای لە دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێمی كوردستان لەبارەی فرۆشتنی نەوتەوە تۆمار كرد، ئەندامێكی لیژنەی یاساییش دەڵێت، هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور و یاسا نەوتی خۆی فرۆشتووە و ئەگەر ئامادەی دادگا بێت، بە دڵنیاییەوە دەیباتەوە، چونكە لە حاڵەتی هەبوونی ناكۆكی لە نێوان یاسای عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەولەوییەت بۆ یاسای هەرێمی كوردستانە.

ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئازاد سرێشمەیی، بۆ kdp.infoگوتی: ئاساییە هەر لایەنێك سكاڵا لە دژی لایەنێكی دیكە تۆمار بكات، چونكە دادگای فیدراڵی یەكێك لە ئەركەكانی چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە.

سرێشمەیی گوتیشی: ئێمە بە راشكاوی دەڵێین فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان یاسایی و دەستوورییە، چونكە لە ماددەی 115ـی دەستوری عێراقدا باس لەوە كراوە كە ئەگەر جیاوازی لە نێوان یاساكانی هەرێم و ناوەند هەبێت، ئەولەوییەت بۆ یاساكانی هەرێمە، بۆیە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە پێنجی خۆی ئەو كارەی كردووە و یاساكانی بەغدایش هیی سەردەمی رژێمی بەعسن.

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ڕوونیشی كردەوە: یاسای ئێمە دوای ڕاپرسیكردن لەسەر دەستوور دەرچووە، بەڵام یاساكەی بەغدا پێش دەستووری نوێ دەرچووە و یاساكەی ئێمەیش لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی دەگونجێت، بەڵام یاساكەی ئەوان دژی سیستەمی فیدراڵییە، بۆیە بە هەر جۆرێك بێت ئەولەوییەت بۆ یاساكەی هەرێمی كوردستانە.

سرێشمەیی  زیاتر گوتی: رەنگە هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا لەو سكاڵایەی لەسەری تۆمار كراوە بە فەرمی ئاگادار نەكرابێتەوە، چونكە هەر سكاڵایەك تۆمار بكرێت پێویستە دادگا ئاگاداری هەرێمی كوردستان بكاتەوە، بەڵام بە هەر جۆرێك بێت ئەگەر هەرێم  لە دادگا ئامادە بێت، دەیباتەوە.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار