وەزیری بەرگریی سووریا چووە قامیشلۆ و پەیەدەیش دەڵێت، ڕۆژئاوا ئازاد کراوە

هەولێر- KDP.info- وەزیری بەرگریی سووریا، فەهد جاسم فەریج لە قامیشلۆوە جەختی کردەوە کە، ئەوان لە بەرەوڕووبوونەوە و لەنێوبردنی تیرۆریستان لە هەر کوێیەکی وڵات بن بەردەوام دەبن. ئەم سەردانەی فەریج بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی کانتۆنی جەزیرە رەتی دەکەنەوە کە بێجگە لەو چوارگۆشە ئەمنییەی قامیشلۆ لە هیچ کوێی دی هەڵبژاردن ساز نادرێ.
ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگریی سووریا لەو سەردانە کتوپڕەی هەینیی ڕابردوو بوو بۆ یەکێک لە یەکە سەربازییەکانی لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی پاراستنی شارەکە و تەواوی پارێزگای حەسەکە چووبووە ئەوێ و بەڵێنی دا، تیرۆریستان لەهەر کوێیەک بن پەلاماریان دەدەن و نابێ لە سووریادا شوێنێک بۆ ئەوان هەبێت و چارەنووسیشیان خۆبەدەستەوەدان و کوشتنە.
لێدوانی بەرپرسانی ڕژێمی سووریایش تەواو پێچەوانەی ئەو لێدوانانەیە کە بەرپرسانی پەیەدە دەیدەن و دەڵێن "ڕۆژئاوای کوردستانیان ئازاد کردووە."
وەها بڕیارە سێی حوزێرانی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە سووریادا بەڕێوە ببرێت، سەرباری ئەوەیش کە زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و هەندێکی ئەورووپاییش ڕێیان نەداوە سندووقی دەنگدان لە وڵاتەکەیان دابنرێت، بەڵام لە ڕۆژئاوای کوردستان کە پەیەدە دەڵێت لە دەستی ڕژێمی ئەسەد دەریانهێناوە و ئازادیان کردووە سندووق دانراوە و لەوێوە جارێکی دی سیاسەتی وێرانکردن و کوشتنی بەکۆمەڵ کە زیاتر لە سێ ساڵە درێژەی هەیە، ڕەوایەتی پێ دەدرێتەوە.




