٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆمەڵی ئیسلامی: بەم مامەڵەیە، بەغدایش ناچار دەبێت مل بۆ فرۆشتنی نەوتی کوردستان بدات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر - تایبەت بە KDP.info- پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت، نەوتی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسایەكی پەرلەمانی كوردستان فرۆشراوە، ئەمەش هەنگاوێكی گرینگە و پشتیوانیشی لێ دەكەن. ئەو گوتیشی، ئەگەر هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ نەوتدا بكات، دەتوانێت لەو قەیرانە رزگاری ببێت و بەغدایش ناچار دەبێت مل بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بدات.

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان سۆران عومەر، بە kdp.infoـی ڕاگەیاند: ئەو یاسایەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی باسی دەكات كە نەوتیان پێ فرۆشتووە، یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2013ـی دەستەبەركردنی مافە داراییەكانی هەرێمی كوردستانە لە داهاتە ئیتیحادییەكان، یاسایەكەش تەواوە و رێگا بە هەرێمی كوردستان دەدات ئەگەر هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆكان گەیشتە بنبەست و بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان بڕدرا، هەرێم مافی خۆیەتی نەوتی خۆی بفرۆشێت و لە فرۆشی نەوت ئەوەی كە بەغدا بڕیویەتی، پڕی بكاتەوە و ئەوەی كە قەرزیشە لای بەغدا لە بودجەی پێشمەرگە و نەفەقاتی سیادی و پترۆدۆلار هەمووی پڕ بكرێتەوە، جگە لەوەش پێویستە لە ماوەی پێنج ساڵدا حكوومەت قەرەبووی زیانلێكەوتووانی دەستی رژێمی بەعس بكاتەوە.

سۆران عومەر گوتیشی: لەگەڵ ئاشتی هەوارمی باسی ماددەی شەش لەو یاسایەم كرد كە نەوتیان پێ فرۆشتووە و جێی دەستخۆشییە، ئەو دڵنیای كردمەوە كە مافە داراییەکانی هەرێم لەو داهاتەی نەوت پڕ دەكرێتەوە و هەرچیی پارەیەك بەغدا لە هەرێمی بڕیوە دەیگێڕنەوە و قەرەبووی زیانلێكەوتووانیش دەكەنەوە، ئەوەی بشمێنێتەوە بۆ بەغدای رەوانە دەكەنەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی ئیسلامی راشیگەیاند: ئەگەر هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ نەوتدا بكات، دەتوانێت لەو قەیرانە رزگاری ببێت و بەغدایش ناچار دەبێت مل بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بدات.

سۆران عومەر ڕوونیشی كردەوە: هەرێمی كوردستان ناچار بووە ئەم هەنگاوە بنێت، چونكە بەغدا هەموو هەڕەشەكانی خۆی جێبەجێ كرد، بۆیە هیچ چارەی دیكەی نەبوو.

سۆران ئاماژەشی دا: ئەمە هەنگاوێكی ئیجابییە و پشتیوانیشی لێ دەكەین، ئەگەریش دەستەبەرە داراییەكانمان لەو داهاتی نەوتە پڕ بكەینەوە، ئەو كات بەغدا ناچار دەبێت رازی بێت یاخود چیتر ساڵاتە تووشی ئەو گرفتانە نەبین.

سەبارەت بە گوشاری نێودەوڵەتییش، گوتی: گوشارە نێودەوڵەتییەكان بەو جۆرە نین بە تایبەت كە نەوت لە هەرێمی كوردستان فرۆشراوە و هیچ كەس ترسی لە كڕینی ئەو نەوتە نەبووە كە ئەوە زۆر گرینگە، جگە لەوە سیاسەتی ئەمەریكاش گۆڕانێكی بەسەردا هاتووە هەرچەندە لە راگەیاندنەكانییەوە ناڕازییە، بەڵام دواجار ئەمەریكا پێی باشە نەوتی هەرێمی كوردستان بكەوێتە بازاڕە جیهانییەكان و خۆمان لەگەڵ بەغدا بگەینە رێككەوتن.

بڵند ئیبراهیم

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار