سیسی زۆر لە پێشەوەی ڕکابەرەکەوەیەتی... کەمتر لە نیوەی دەنگدەران بەشدارییان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی میسردا کرد

هەولێر-KDP.info- بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی میسر، عەبدولفەتاح سیسیی وەزیری پێشووی بەرگری، بە جیاوازییەکی زۆر پێش رکابەرەکەی حەمدین سەباحی کەوتووە.
بەپێی زانیارییەکانی لیژنەی هەڵبژاردنەكانی میسر، دوای جیاكردنەوەی دەنگەكان، عەبدولفەتاح سیسی بە رێژەی 93% زۆربەی هەرەزۆری دەنگەكانی سەرۆكایەتیی میسری بە دەست هێناوە و، رەكابەرەكەی حەمدین سەباحی تەنیا 3%ی دەنگەكانی بە دەست هێناوە.
پێگەی رۆژنامەی ئەهرامی میسری، لەزاری بەرپرسێكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە ئاشكرای كردووە کە، لە كۆی 54 ملیۆن كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە، 25 ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان كردووە و بەمجۆرەیش رێژەی بەشداریكردن لە دەنگدان 46% بووە.
بە دەرچوونی سیسی، ئەوە پێنجەمین سەرۆكی میسرە كە لە دامەزراوەی سەربازییەوە دەبێتە سەرۆككۆماری میسر لە ساڵی 1952ـەوە، كە بە درێژایی ئەو ماوەیە میسر لە یەك سەرۆكی مەدەنی زیاتری نەبووە، کە ئەویش محەممەد مورسی بوو کە لە دوای شۆڕشی 25 یەنایری ساڵی 2011 هاتە سەر تەختی سەرۆکایەتی و دواتر سوپا بە سەرۆكایەتیی سیسی لە كاری لادا.
بڕیار بوو ئێوارەی رۆژی سێشەممە هەڵبژاردنەكە کۆتایی بێت، بەڵام كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان کاتی دەنگدانی رۆژێك درێژ كردەوە تاوەكو ئێوارەی چوارشەممە، بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بە ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس"ی ڕاگەیاندبوو لە ماوەی هەردوو رۆژی دووشەممە و سێشەممەی ڕابردوودا تەنیا ڕێژەی 37%ی ئەو كەسانە بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدانی سەرۆكایەتیدا كردووە كە مافی دەنگدانیان هەبووە.
هەر بە هۆی كەمیی ڕێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتیانیشەوە لە دەنگدانەكەدا بووە هۆی ئەوەی بەرپرسان داوا بكەن ماوەی دەنگدانەكە رۆژێكی دیكەش درێژ بكرێتەوە، بە ئومێدی ئەوەی خەڵكێكی زیاتر بەشداری لەو پرۆسەیەدا بكەن، بەڵام هەردوو پاڵێوراوەكە ناڕەزاییان لە درێژكردنەوەكە نیشان دا.
كۆمیسیۆن ئاشكرایشی كردووە بەو درێژكردنەوەیە تواندراوە ژمارەیەكی زیاتر دەنگدەر بەشدار بن.
دوو كەس لەم هەڵبژاردنەدا ڕكابەرایەتیی یەكتریان کرد، ئەوانیش سەرۆكی پێشووی سوپا و وەزیری بەرگریی میسر (عەبدولفەتاح سیسی) و (حەمدین سەباحی)-ن.




