زمانی کوردی،لە قەدەغەوە بۆ پێشهوهبردن

ئانکارا-AA-KDP.info- ئێستا حکوومەتی تورکیا دەیەوێ لایەنێک بێ بۆ بەشداریکردن لە هەوڵەکانی چاککردن و بەرەوپێشبردنی زمانی کوردیی لەو وڵاتە کە زیاتر لە هەشتا ساڵە قەدەغە کرابوو.
رۆژی 29ی ئایاری 2014، لە شاری ئانکارای پایتهختی توركیا (کۆڕبەندی کێشەکانی بەردەم میدیای کوردیی و پێشنیارەکانی چارەسەر2014) بەڕێوە چوو کە لە لایەن ئاژانسی ئانادۆڵووە ڕێک خرابوو.
بەشدارانی کۆڕبەندەکە، بریتی بوون لە دەیان مامۆستای زانکۆ و کاربەدەستی حکوومی کە گوتار و لێکۆڵینەوە، بۆچوون و پێشنیازی خۆیان خستەڕوو، لە نێویاندا جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا (بولەند ئارنچ) و وەزیری کشتوکاڵی ئەو وڵاتە (مەهدی ئەکەر).
ساڵی 1923، ئەو کاتەی کۆماری تورکیا بە رابەرایەتیی مستەفا کەمال ئاتاتورک دامەزرا، ئیتر زمانی کوردی لەو وڵاتە، هێدی هێدی کەوتەبەر زەبری قەدەغەکردن. ئەو زمانە لە سیستمی خوێندن دوور خرایەوە و کوردان ناچار کران بە زمانی تورکی بخوێنن. ئەو قەدەغەکارییانە تا دەهات زیاتر دەبوو.
چیرۆکی بە شێت لەقەڵەمدانی (سەعیدی نوورسی) زانای ئایینی ناسراوی کورد، یەکێکە لە چیرۆکە بە ئازارەکانی کورد لە تورکیا. کاتێ نوورسی باسی خوێندنی بە زمانی كوردی دەکرد لەو وڵاتە، دەسەڵاتدارانی ئەو کات، نوورسی دەستگیر دەکەن و بە کەسێکی نەخۆش وەسفی دەکەن، هەر بۆیە دەیبەنە لای دکتۆری دەروونی. ئەوان حاشایان لە کوردبوون دەکرد، بۆیە قسەکانی نورسییان پێ قبووڵ نەبووە.
لەو باس و گوتارانەی لە کۆڕبەندەکەدا پێشکەش کران، گشتیان هاوڕا بوون کە زمانی کوردی لە تورکیا، لە هەشتا ساڵی رابردوودا دوچاری قەدەغەکردن و ستەملێکردن بووەتەوە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتەکانی ئەو وڵاتە. بۆیە دەبێ ئێستا ئەو ستەمە هەڵبگیرێ و کۆشش بۆ چاککردن و بەرەوپێشبردنی بکرێ.
لە نێو هۆڵی بەڕێوەبردنی کۆڕبەند ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکانی تورکیا ئامادە بوون بۆ گواستنەوەی هەواڵەکە، لەوێ جێگری سەرۆکوەزیران بولەند ئارنچ گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا چیرۆکی کردنەوەی تەلەڤزیۆنی کوردیی دەوڵەت TRT 6ی گێڕایەوە.
ئارنچ گوتی: "کاتێ دەستمان بە پەخشکردنی تەلەڤزیۆنی تەرەتە شەش کرد، زۆر کەس گاڵتەی پێ دەکردین، پێمان پێکەنیون، دەیانگوت سەرکەوتوو نابن، بەڵام ئێمە رژد بووین لەسەر درێژەدان بە کارەکەمان چونکە باوەڕمان بەوە هەبوو هەموو کەس دەبێ بە زمانی خۆی ئاگاداری هەواڵ و رووداوەکان بێ."
ئارنچ لەوێ جەختی کردەوە، بۆ خۆی لە ناو حکوومەت کاری کردووە تا دەوڵەت دەستبەرداری نکوڵیکردن لە راستییەکان ببێ و جیاوازییەکان قبووڵ بکا.
ئەو قسانەی ئارنچ دەیکردن، ساڵانی پێشوو هەر کەسێ بیگوتنایە، لە لایەن دەوڵەتەوە حەپس دەکرا و وەکو کەسێکی جوداخواز دەخرایە لیستی قەدەغەکراوەکانەوە. ئارنچ چیرۆکی شەرافەددین ئەلچی کەسایەتیی سیاسیی کوردی گێڕایەوە کاتێ گوتبووی (کوردم) و دوو ساڵ خرایە زیندانەوە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە گوتارەکەیدا گوتی: "من زۆر هاوکار بووم لە کردنەوەیTRT 6 و بەشی کوردیی لە ئاژانسی ئانادۆڵو. کاتێ ستۆدیۆی تەرەتەمان لە دیاربەکر کردەوە، گوتم هیوادارم بە هەموو زمانەکان بەرنامە پەخش بکەین، ئەو کارەمان بۆ ریکلام و پروپاگەندەی سیاسیی نەبوو. ئێستایش دەمانەوێ کار بکەین بۆ پێشخستنی ئەو زمانە."
بەڕێوەبەران و هەڵسوڕاوانی ئاژانسی ئانادۆڵو، لە کۆڕبەندەکەدا کاتێ باسی سەرەتای دەستپێکردنی بەشی کوردییان دەکرد. جەختیان دەکردەوە کە سەرەتای کارەکانیان دوچاری کۆسپی زۆر هاتوون. لەبەر ئەوەی زمانی کوردیی و کارکردنی رۆژنامەوانان بەو زمانە زۆر کەم بووە.
کەمال ئۆزتورک، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کێشەی هەرە گەورەمان، نەبوونی زمانێکی یەکگرتووی کوردییە. لەبەر ئەوەی شوێنێک نەبووە و ئێستاش نییە بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی، کێشەکانمان گەورەتر بوون، وەرگێڕەکانمان کە بۆ زمانەکانی دیکە کار دەکەن، بە تورکییانە بیر دەکەنەوە و دەنووسن، ئێستا دەمانەوێ لە زاری شارەزایان چۆنێتیی پێشخستنی زمانی کوردی ببیستین."
هەروەها ئادەم دەمیر، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاتێ ئۆزتورک بەڕێوەبەری گشتی پێی گوتم دەمانەوێ بەشی کوردی بکەینەوە، دەتوانی هاوکاریمان بکەی؟ گوتم بەڵێ و دەستمان بە کار کرد، بەڵام بە راستی نەمزانی کە ئەوەندە دژوار دەبێ. تووشی زۆر ناڕەحەتی هاتین، بەڵام سەرباری ئاستەنگەکان، ئێمە بەردەوام دەبین."
لە نێو کۆڕبەند، مامۆستایانی زانکۆی مووش و ماردین بە پێشکەشکردنی باس و لێکۆڵینەوە بەشدارییان کرد. ئەوان وێڕای باسکردنی ئەو کۆسپانەی خراونەتە بەردەم زمانی کوردی، پێشنیازیان بۆ حکوومەت کرد کە کۆلیژێکی تایبەت بە راگەیاندن بە زمانی کوردی بکاتەوە.
جێگری سەرۆك و بەڕێوەبەری ئەنستیتیۆی زمانە زیندووەكان لە زانكۆی ئارتوكڵوی ماردین پرۆفیسۆر قەدری یڵدرم کاتێ بولەند ئارنچ قسەی دەکرد سەبارەت بە چۆنێتیی بەرەوپێشبردنی رۆژنامەوانی کورد، لە شوێنی خۆیەوە قسەی بە ئارنچ بڕی و گوتی: "بەڕێز ئارنچ، تکایە لە زانکۆی ئێمە کۆلیژێکی تایبەت بە زمانی کوردی بکەنەوە بۆ پێگەیاندنی رۆژنامەوان." ئارنچیش گوتی: "پشت بە خوا.. بۆ نا".
مامۆستایانی زانکۆ، هانی رۆژنامەوانانی کوردییان دەدا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەموکورتیانەی لە رۆژنامەوانیی کوردیدا هەیە لە تورکیا، ئهوان داوایان له رۆژنامهوانان كرد بگەڕێنەوە بۆ ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەی، پێش دامەزرانی کۆماری تورکیا بە زمانی کوردی دەرچوون.
ئێستا هەر خەڵکی کورد و خەباتکارانی نین کە دەیانەوێ زمانی کوردی پێش بخەن و لە بن ئەو ستەمە و زۆرەی لێی کرا دەریبێنن. حکوومەتی ئەو وڵاتەیش هێدی هێدی دەست هەڵدەگرێ لە قەدەغەکاری و لە ڕێی میدیاکانی خۆیشییەوە بە کردنەوەی بەشی کوردی، هاوکاری دەکا لە پێشخستن و بوژانەوەی زمانی کوردی. بەڵام وەکو شارەزایان دەڵێن، تەنیا کردنەوەی کەناڵ و هەڵگرتنی قەدەغە بەس نییە بۆ پێشخستنی زمانی کوردی، بەڵکو رێگەدان بە خوێندن بە زمانی کوردی لە خوێندنگەکانی دەوڵەت و زانکۆکان و ناوەندی کولتووری، دەتوانێ رێ خۆش بکا بۆ پێشخستنی ئەو زمانەی کە دەوڵەت لە پێشوودا هەموو هەوڵێکی بۆ لەناوبردنی بووە.




