بەبۆنەی رۆژی جیهانی منداڵانەوەیە... سبەی كەرنەڤاڵی مام نەورۆز بەڕێوە دەچێت

هەولێر-KDP.info- مام نەورۆز كە بە گوتەی عەبدولوەهاب شوانی خاوەنی پرۆژە و بیرۆكەی یەكــەم كــەســایەتـیی نەتـەوەییە بۆ منـداڵانی كوردستان، سبەی بەبۆنەی رۆژی منداڵانی جیهان بۆ یەكەمجار خۆی بە منداڵانی كوردستان ئاشنا دەكات.
شوانی رایگەیاند: بەبۆنەی ساڵڕۆژی جیهانی منداڵان، ڕۆژی شەممە 31ی ئایار لە هۆڵی میدیا لە هەولێری پایتەخت، ڕێكخراوی كۆلارە بە بەشداریی منداڵانی پایتەخت و شار و شارۆچكە و گوندەكانی كوردستان كەڕنەڤاڵێكی گەورە ساز دەكا.
تیایدا یەكەم كەسایەتیی نەتەوەیی منداڵان مام نەورۆز بە منداڵان دەناسێنێت لە هەمان كاتدا چەندین تابلۆی هەڵپەڕكێ و گۆرانی و موزیك و نمایشی هونەری لەخۆ دەگرێت.
هەر بەم بۆنەیەشەوە كۆمپانیای كۆرەك تیلیكۆم 500 دیاری بەسەر منداڵانی ئامادەبووی ئاهەنگەكە دابەش دەكات.
دلێر ئیبراهیم




