بولەند ئارنج: پشت بەخوا قۆناغی چارەسەری سەركەوتوو دەبێ

بتلیس-KDP.info- جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا دەڵێ حكوومەت سوورە لە سەر چارەكردنی پرسی كورد و كۆتاییهێنان بە شەڕ و هەوڵ بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی و برایەتی دەدا.
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا، بولەند ئارنج لە میانی گوتارێك لە شارۆچكەی گورۆمیاكی سەر بە بتلیسدا، باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كوردی كرد و گوتی: دەوڵەت هەوڵ بۆ چارەكردنی پرسێكی 100 ساڵە كە پرسی كوردە دەدا و دەیەوێ كۆتایی بە شەڕ، توندوتیژی و بەكارهێنانی چەك بهێنێ و لە توركیا ئاشتی، برایەتی بەرقەرار بكا.
ئارنج گوتی: ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە كاری سیاسی دەكەم، رێزێكی تایبەتم بۆ گەلی كورد هەیە، بەشێك لە خەڵكی رۆژئاوای توركیا من بەوە تۆمەتبار دەكەن كە گوایا كوردایەتی دەكەم، ئەوانەی لەم ناوچانەدا دەژین لە باوەشی یەكتردا شەهید بوونە، خوایان یەكە، پەیغەمبەریان یەكە، ئایین و دۆزیان یەكە و ئەو مرۆڤانە هەموویان پێكەوەن و هیچ كات شەڕی یەكتریان نەكردووە.
ئارنج بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانیدا: لە راستیدا ئەوانەی كە لەم قۆناغەدا لە دژی حكوومەتن، هەر ئەوانەن كە لە دژی قۆناغی چارەسەری و چارەكردنی پرسی كوردن و دەیانەوێ قۆناغی چارەسەری بە بەنی پەمۆ ببەستنەوە، چونكە هەوڵمان بۆ سەرخستنی قۆناغی چارەسەری داوە بە تەنیا ماینەوە، پشت بەخوا ئەو قۆناغە سەركەوتوو دەبێ، كۆتایی بە شەڕ، براكوژی، بەكارهێنانی چەك و توندوتیژی دێ و برایەتی، یەكسانی، دادپەروەری و ئاشتەوایی باڵ بەسەر ناوچەكەدا دەكێشێت.
هیوا ئەردەلان




