بازاڕ دەبووژێنێتەوە... مامۆستایەکی زانکۆ: فرۆشتنی نەوت گرینگییە سیاسییەکەی لە ئابوورییەکەی زیاترە

هەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆ باوەڕی وایە کە، بڕیاری فرۆشتنی نەوت پەیامێکە کە کورد چی دیکە ملکەچی ویست و ئیرادەی بەغدا نابێت، هاوکات پەیامێکیشە بۆ دەرەوە و زلهێزان کە کورد بەدوای بەرژەوەندیی خۆیەوەیەتی. ئەو دەشڵێت، لە داهاتوودا کاریگەرییە ئیجابییەکانی فرۆشتنی نەوت بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکدا ڕەنگ دەداتەوە.
مامۆستای زانکۆی سەڵاحەددین، کاروان سەباح هەورامی بۆ KDP.info-ی لەبارەی هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، هەنگاوی فرۆشتنی نەوتی کوردستان وەها شیی دەکاتەوە کە لە چەند ڕووێکەوە بۆ هەرێمی کوردستان گرینگە، لە هەمان کاتیشدا جەخت دەکاتەوە کە نابێت هەرێمی کوردستان هەڵەی وڵاتانی عەرەبی و عێراقییش دووبارە بکاتەوە بەوەی کە تاکە سەرچاوەی داهاتی نەوت بێت.
گرینگیی سیاسیی زیاترە، تا گرینگییە ئابوورییەکەی
ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتی، "لە ئێستادا دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت بابەتێکی سیاسییە، یان باشترە بڵێین گرینگیی سیاسیی زیاترە، تا گرینگییە ئابوورییەکەی، چونکە هەرێمی کوردستان پێویستی بە فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە هەیە، تا ئەو بڕەبودجەی دەست کەوێت کە لە بەغداوە بۆی دەهات. بۆیە دەڵێین لەم کەیسەدا سیاسەت پێش ڕووە ئابوورییەکەی گرتووە، هاوکات هەڵبژاردنی کاتی فرۆشتنەکە دیسان پەیامێکی دیکەی سیاسییە، بۆ ناوخۆی عێراق، بەوەی کە کورد چیی دیکە ملکەچی ویست و ئیرادەی بەغدا نابێت، هاوکات پەیامێکە بۆ دەرەوەیش بە تایبەتی ئەمەریکا کە کورد بەدوای بەرژەوەندیی خۆیەوەیەتی."
کاروان سەباح هەورامی ڕوونی دەکاتەوە کە کورد لە ماوەی ڕابردوودا لە چەند کەیسێکدا بۆ نموونە گۆڕینی داوای حوکمی زاتی یان ئۆتۆنۆمی بۆ فیدراڵی، هەروەها لە گەڕان بە دوای نەوتدا دواتر دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردەکردنی و لەئێستایشدا فرۆشتنی، سیاسەتی سەپاندنی ئەمری واقیعی پەیڕەو کردووە، ئەو نموونە بە کارکردن بۆ بەرجەستەکردنی سیستمی فیدراڵی لە عێراقدا دەهێنێتەوە و دەڵێت، نەک هەر وڵاتانی هەرێمی بەڵکو بەشێکی زۆر لەلایەنە عێراقییەکانیش دژی ئەو پرەنسیپە بوون و چیشیان لە دەست هات کردیان بۆ ڕێگریکردن، بەڵام لە کۆتاییدا کورد توانی ئەمڕۆی واقیع بسەپێنێت، ئێستایش هەم وڵاتانی هەرێمی بە فەرمی هەڵسکەوت لەگەڵ ئەم هەرێمە فیدراڵە دەکەن و هەمیش لایەنەکانی دیکەی ناوخۆی عێراق، ئێستا ئەوانیش داوای فیدراڵی بۆ هەرێمەکانی خۆیان دەکەن. زیاتر ڕوونی کردەوە، "لە کەیسی نەوتدا هاتنی کۆمپانیاکان زۆر لایەنی بێزار کرد، حکوومەتی عێراق چیی لە دەست هات کردی، لە سزادانی کۆمپانیاکانەوە بگرە تا خەرجنەکردنی پارەکانیان، بەڵام لە کۆتاییدا ناچار بوو ددان بە ئەمری واقیعدا بنێت، تەنانەت پار بڕێکی باش پارەی دانا تاکو بۆ کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت خەرج بکرێت واتە ئەوە دداننان بوو بەشەرعیبوون ویاساییبوونی کارکردنی ئەو کۆمپانیایانە لە هەرێمی کوردستان."
ئەو مامۆستایەی زانکۆیە دەشڵێت، "بە دوور نازانرێت هەمان سیناریۆ لە بابەتی فرۆشتنی نەوتدا دووبارە ببێتەوە، لە کاتێکدا عێراق نە خاوەنی دنیابینییەکی ئابوورییە نە خاوەن دنیابینییەکی سیاسیی ڕۆشنیشە، چونکە بەرژەوەندیی کەسەکان و هەیمەنەی وڵاتانی دەرەکی بڕیار لەسەر ئەو کەیسانە دەدەن"، بۆ بەرجەستەکردنی ئەم تێفکرینەیشی نموونەی بە پاشەکشەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێنایەوە کە درکی بە پاشەکشەی خۆی کرد لە بەرانبەر تورکیادا لە بازاڕی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کەرتی وزەدا، هەر بۆیە ئێران داوای کرد لە بازاری وزەی هەرێمدا بەشداری پێ بکرێت، جەختیش دەکاتەوە کە "لە کۆتاییدا بە دوور نازانرێت مالیکییش لە پێناو مانەوەی خۆی بۆ خولی سێیەم بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران، بە زۆرێک لە داواکارییەکانی کورد ڕازی ببێت، نەوتیش یەکێکیانە."
بەرژەوەندیی گەورەکۆمپانیاکان بە ئاسانی ناخرێنە بەر مەترسییەوە
هەورامی ئاماژە بە سیاسەتی لۆژیکانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەدات کە لە ڕابردوودا توانیویە، بۆ پرۆسەی وەبەرهێنان، هەناردە و فرۆشتنی نەوت، سەرنجی کۆمپانیاگەلێک بۆ کارکردن لەو کەرتە گرینگەدا بە لای خۆیدا ڕابکێشێ و گرێبەستیان لەگەڵدا واژۆ بکات، کە "لە ئێستادا هەبوونی ئەوان لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەمان پێ ناڵێن کە ئەم کۆمپانیایانە و بەرژەوەندییەکانیان بە ئاسانی دەخرێنە بەر مەترسییەوە، واتە کۆمپانیاکانی وەکو ئیکسۆن مۆبیل، شیڤرۆنی ئەمەریکایی کاریگەرییان هەیە لەسەر مەودا و سیاسەتی ئەمەریکا، بەهەمان شێوە بۆ کۆمپانیا فەرەنسایی و ڕووسیاییەکانیش هەر وایە."
کاروان سەباح هەورامی، ئەگەرچی هەڵوێستی ئەمەریکا وەها دەخوێنێتەوە کە لە هەناردەکردنی نەوتدا پەیامێکی تەواو ڕوونی نەبوو، چونکە لەلایەکەوە پێیان وایە دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر ئاڵۆز دەکات، لەلایەکی دیکەیشەوە جۆرێک لە موجامەلەی حکوومەتی عێراقی تێدایە، بەڵام دەڵێت "بە ئاشکرایش دژایەتیی ئەو پرۆسەیان نەکردووە، چونکە ئەگەر ئەمەریکا بیەوێت دەتوانێت گوشاری گەورە دروست بکات بۆ پەکخستنی هەناردە و فرۆشتنی هەرێم."
کاریگەرییە ئیجابییەکانی فرۆشتنی نەوت بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکدا ڕەنگ دەداتەوە
مامۆستاکەی زانکۆ بەلەبەرچاوگرتنی کەمیی بڕی نەوتی هاناردەکراو و نەبوونی سەرچاوەی دیکەی داهات بۆ ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا، هاوکات ئەم دۆخەی ئێستا و بڕی هەناردە و فرۆشتنی نەوت کە 120000سەدوبیست هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا و گەیاندنیشیەتی بە 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم ساڵ هەناردەکردەکەنە بگاتە ئەو ئاستە، چاوەڕێی گۆڕانکارییەکی گەورەی ئابووری ناکات، بەڵام لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لەمەودایەکی درێژخایەندا واتە لە چەند ساڵی داهاتوودا کاریگەرییە ئیجابییەکانی فرۆشتنی نەوت بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکدا ڕەنگ دەداتەوە.
جموجۆڵی بازرگانی زیاد دەبێت و ژیان لە کوردستان دەبوژێتەوە
ئەو مامۆستایەی زانکۆیە بێگومانیشە لەوەی کە هەناردە و فرۆشتنی نەوت کاریگەری دەبێت و جموجۆڵی بازرگانی زیاد دەبێت و ژیان لە کوردستان دەبوژێتەوە. ئەو گوتی "ئەگەر ڕۆژانە 400هەزار بەرمیل بفرۆشرێت و لەو پارەی فرۆشتنە هەر بەرمیلێکی نەوت 85 دۆلاری ئەمەریکایی بۆ هەرێم بمێنێتەوە، ڕۆژانە 34 ملیۆن دۆلار پارە دێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە، خۆ ئەگەر 100 دۆلاری بۆ بمێنێتەوە ئەو کاتە ڕۆژانە 40 ملیۆن دۆلار پارە دێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە، هاتنی دراوێکی قورسی وەکو دۆلار بۆ ناو هەر بازاڕێکیش مانای بەرزبوونەوەی ئاستی گوزارەنی و جموجۆڵی بازار دەبێت. بۆیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی و ئیجابی لەسەر ژیانی خەڵک و جموجۆڵی بازاڕ دەبێت، بەڵام کاریگەرییە ئیجابییەکانی لەسەر کەرتی ئابووری کاتێک باشتر و ڕوونتر دەبن کە کەرتەکانی دیکەی ئابووریش هاوتەریب لەگەڵ کەرتی نەوت پەرە پێبدرێت."
هەولێر سەلماندی کە خاوەن بڕیاری خۆیەتی و ناچێتەوە ژێر هەیمەنەی بەغداوە
دەربارەی ئەو ئیرادە سیاسییەیش کە لە وەها دۆخێکدا هەنگاو بە سەربەخۆیی ئابووریی بنێت، کاروان سەباح گوتی، "سەرچاوەی سەرەکی ئەم ویستەی کورد لە حەزی جیابوونەوە لە عێراق یان لانی کەم حەز و ویستی بۆ سەربەخۆیی ئابووری لە عێراق سەرچاوەی گرتووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەموو ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن کە دیموکراتیزەبوونی عێراق و بنیادنانی عێراقێکی نوێ و مۆدرێن تەنیا خەو خەیاڵ بووە، هەروەها دوای ئەوەی کورد بێئومێد بوو لە سەرکردایەتیی ئێستای عێراق بە تایبەتی سیاسەتەکانی نووری مالیکی، چونکە سیاسەتی نووری مالیکی جگە لە خوڵقاندنی ئەزمەی زیاتر لە عێراقدا بەتایبەتی لەگەڵ کورد شتێکی دیکەی لێ بەدی نەکرا، وەکو ویستی تێخزاندنی سوپا بۆ ناو گەمە سیاسییەکان، تۆمەتدانە پاڵ لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی دیکە، تادەگاتە سەپاندنی گەمارۆی ئابووری و گەمارۆی سەربازی بەسەر زۆرێک لە ناوچە و بەشەکانی عێراقدا هەرێمی کوردستانیش بێبەش نەبووە لەوە. تەنانەت حکوومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمیشی بڕی، بۆیە لە سۆنگەی بێئومێدبوونیانەوە لە بارودۆخی ئێستای عێراق بڕیاری سیاسی بۆ فرۆشتنی نەوت وەرگیرا، هاوکات دەبێت ئەوەش بڵێن بابەتی فرۆشتنی نەوت ململانێیەکی توندی نێوان بەغدا و هەولێر بوو بەوەی ئایا هەولێر دەچێتەوە ژێر هەیمەنەی بەغدا یان نا، بەڵام نیشانی دا کە خاوەن بڕیاری خۆیەتی."




