هوداپار: پەكەكە بێجگە لە خۆی مافی ژیان بە كەس نادا

دیاربەکر-KDP.info- سەرۆكی هوداپار، زەكریا یاپێجیئۆغڵو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دیاربەكردا گوتی، پەكەكە بێجگە لە خۆی مافی ژیانكردن بە هیچ كەس و لایەنێكی دیكە نادا.
كاربەدەستانی بەدەپە باسی ئەوە دەكەن كە ئەو منداڵانەی دەگوترێ رفێنراون بە ئیرادەی خۆیان چوونەتە سەر چیا، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە باسی ئەوە دەكەن لە بوارەكانی دیكەدا هیچ منداڵێكی 14 ساڵان توانای ئەوەی نییە بڕیاری خۆی بدا.
یاپێجیئۆغڵو گوتی: لە راستیدا ئەندام و بەرپرسانی بەدەپەیش بۆ خۆیان باوەڕ بەوە ناكەن كە ئەو منداڵانە یا رۆیشتنیان بۆ سەر چیا پەیوەندی بە ئیرادەی ئەو منداڵانەوە هەبێ، دانی چەك بە دەستی منداڵەكان شتێكی راست نییە، كاربەدەستانی بەدەپە دواجار باسی ئەوەیان كردووە كە دانی چەك بە دەستی منداڵی ژێر تەمەن 18 ساڵان كارێكی راست نییە، ئەم لێدوانە جێگای خۆشحاڵیی ئێمەیە، بە راستی بەو جۆرە بیركردنەوەی بەدەپە جێگای خۆشحاڵییە.
یاپێجیئۆغڵو باسی پرسی رفاندنی بەرپرسی ناوچەی دیجلەی هوداپاری لە لایەن چەكدارانی پەكەكەوە كرد و گوتی: ئەرجان ئاڵپ ئەرسەلان بەرپرسی ناوچەی دیجلەی هوداپار بوو بەڵام چەند رۆژی رابردوو لە لایەن چەكدارانی پەكەكەوە رفێنراوە، بۆیە داواكارین بە پەلە ئەو هاوڕێیەمان ئازاد بكرێ، ئەگەر بێت و ئازاد نەكرێ و تووشی زەرەر و زیانێك ببێتەوە ئەوا لەمەو بەدواوە كەس ناتوانێ باس لە قۆناغی چارەسەری بكا.
یاپێچیئۆغڵو جەختی لەوە كردەوە كە بەدەپە و پەكەكە لە ناوچەكەدا بێجگە لە خۆیان مافی ژیانكردن بە هیچ كەس و لایەنێكی دیكە نادەن، لە ناوچەكەدا زۆر كەس و لایەن هەن كە ئامادەیە بەرپرسیارەتی بگرێتە ئەستو و بۆ ئەو مەبەستەیش تا ئێستا چەندین هەنگاوی گرنگ نراون، بەڵام بەدەپە و پەكەكە مۆڵەت بە هیچ كەس و لایەنێك نادەن، رۆژانە ئەندام و لایەنگرەكانمان رووبەرووی هێرش و توندوتیژی دەبنەوە.
هیوا ئەردەلان




