نێچیرڤان بارزانی داهاتی فرۆشتنی نەوت ئاشكرا دەكات

ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی لە هەفتەیەی داهاتوودا، تایبەت بە چۆنیەتیی هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان کۆ دەبێتەوە و داهاتەکەیشی ئاشكرا دەكات.
سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو بۆ KDP.infoرایگەیاند: "تایبەت بە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان كاك نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی حكوومەتی كاربەرێكەر داوای لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فركسیۆنەكان كردووە لەم هەفتەیە لەگەڵیان كۆ دەبێتەوە."
خۆشناو پەیوەست بە ناوەرۆكی كۆبوونەوەی حكوومەت و پەرلەمان گوتی: "كۆبونەوەی بەرێز نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان تایبەتە بە ئاشكراكردنی داهاتی فرۆشتنی ئەو نەوتەی کە چەند ڕۆژێکە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ڕەوانەی ئەورووپا کراوە."
بەپێی زانیارییەکانی kdp.info-یش دیدار یاخود کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان چوارشەممەی داهاتوو ساز دەدرێت.
چوارشهممهى ڕابردوو، نێچیرڤان بارزانى لەسەر پێشنیازی خۆی سهردانى پهرلهمانى كوردستانى کرد و دەربارەی قەیرانی مووچە و پرسی نەوت ڕوونکردنەوەی دا، ئەو لەوێ جهختى كردهوه كه ئهو بهپێى یاساى پهرلهمانى كوردستان بڕیارى فرۆشتنى نهوتى ههرێمى كوردستانى داوه و حکوومەت دەتوانێت لە ماوەیەكی زۆر كورتدا ڕۆژانه 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوە بكات.
نێچیرڤان بارزانى گوتیشی "بە دڵنیاییەوە پێتان دەڵێم، هەتا كۆتایی ساڵ زیاتر لە 500 هەزار له ڕۆژێكدا بەرمیل ڕەوانەی دەرەوەی دەكەین."




