موحیسن سەعدوون: هەشت مانگە تیرۆریستان نەوتی عێراق لە سنووری مووسڵ دەفرۆشن

بەغدا - تایبەت بەKDP.info - جێگری سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، حكوومەتی عێراق كە نەتوانێ پارێزگاری لە نەوتی خۆی بكات، چۆن دەتوانێ پارێزگاری لە نەوتی هەرێمی كوردستان بكات، لە كاتێكدا ماوەی هەشت مانگە تیرۆریستان لە بۆریی نەوتی نێوان مووسڵ - بێجی نەوت دەفرۆشن.
جێگری سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق موحسین سەعدوون، بۆ kdp.infoگوتی: ماوەی ساڵێكە داوا لە حكوومەتی بەغدا دەكەین لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە بگەینە رێككەوتن، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی هەرێم رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بكات، وەلێ هەرێم ئەو توانایەی نییە و پێشنیازی كرد وەك دەستپێشخەرییەك رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات و ئەوانیش پێیان باش بوو، دواتر بە هۆی ئەوەی ناتوانن پارێزگاری لە بۆریی نەوتی خۆیان بكەن، ئەم دەستپێشخەرییە سەری نەگرت و كێشەكە وەك خۆی ماوەتەوە.
موحسن سەعدوون گوتیشی: هەرێمی كوردستان ناتوانێ چاوەرێی بەغدا بكات، چونكە ئەوان ناتوانن پارێزگاری لە نەوتی خۆیان بكەن، ئیدی چۆن دەتوانن پارێزگاری لە نەوتی هەرێمی كوردستان بكەن، كە نزیكەی هەشت مانگە لە بۆریی نەوتی مووسڵ - بێجی، تیرۆریستان نەوت دفرۆشن و بە ملیاران دۆلار زەرەریان لە عێراق داوە.
سەعدوون ڕوونیشی كردەوە: بە هیچ شێوەیەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دواكەوتنی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەرپرسیار نییە، بەڵكوو حكوومەتی عێراق خۆی بەرپرسیارە، چونكە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین لەگەڵ هەرێمدا بگەنە رێككەوتن.
جێگری سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی زیاتر گوتی: هەر كاتێك سزادانی هەرێمی كوردستان لە بودجە لادرا، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی دەنگ بەو پڕۆژەیاسایە بدەین و پەسەند بكرێت، بەڵام ئەگەر حكوومەتی عێراق بەم شێوەیە لەسەر هەڵوێستی خۆی بەردەوام بێت، لەم خولەدا بودجە پەسەند ناكرێت.
بڵند ئیبراهیم




