٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

وەزیری وزەی توركیا: رۆژانە نزیكەی 120 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم رەوانەی دەرەوە دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

ئانکارا -KDP.info-  وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی توركیا، تانەر یڵدز، دوای بەشداریكردنی لە چوارەمین كۆنفڕانسی یەكیەتیی زانكۆكانی قەفقازیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: رۆژانە 100 تا 120 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانەی دەرەوە دەكەین.

یڵدز ئاشكرای كرد كە دانوستانی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ چارەكردنی كێشەكان بەردەوامە و لە ئەمڕۆ بەدواوە رۆژانە 100 تا 120 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی توركیا دەكرێ، بەڵام ئەو نەوتەی لە لایەن بەغداوە هەناردە دەكرا، هێشتا وەكوو مانگی رابردوو راگیراوە و ئێمە وەكو توركیا ئامادەبوونمان بۆ گواستنەوەی ئەو نەوتەی لە لایەن بەغداوە هەناردە دەكرێ لە رێگای بۆریی نەوتبەری كەركووك یومورتاڵیكەوە دەربڕیوە كە ئەو بۆرییە توانای گواستنەوەی ملیۆن و نیوێك بەرمیل نەوتی لە رۆژێكدا هەیە.

لە بارەی ئەو سكاڵایانەوە كە گوایا بەغدا لە سەر توركیا تۆماری كردوون، یڵدز رایگەیاند كە تا ئێستا لەو بارەیەوە هیچ جۆرە ئاگاداركردنەوەیەكیان پێ نەگەیشتووە، ئەگەر شتێكی وایش گەیشتە دەستی توركیا، ئەوا رای گشتیی لێ ئاگادار دەكرێتەوە.

لەبارەی گەمارۆكانی بەغدا بۆ سەر كۆمپانیا توركییەكانیش ئاماژەی دا، وەزیری دارایی توركیا بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە كردووە و تا ئێستا هیچ شتێكی لەو جۆرە رووی نەداوە.

هیوا ئەردەلان

هەواڵی پەیوەندیدار