مالیكی شەڕی سوننە بە چەك و شەڕی كورد بە بودجە و شەڕی شیعەیش بە سیاسەت دەكات

هەولێر- KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، یەكدەنگیی كورد دڵی هەموو كوردستانیانی خۆش كردووە. دەربارەی دۆخی سیاسیی عێراقیش گوتی، مالیكی شەڕی سێ پێكهاتە دەكات، شەڕی سوننە بە چەك و شەڕی كورد بە بودجە و شەڕی شیعەش بە سیاسەت.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مەحما خەلیل، لەبارەی كۆدەنگیی كورد بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "شاندی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەكی زۆر باش و كۆدەنگ دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ بارزانی پێك هاتوون و دەبێت بە یەك ڕەنگ و یەك زمان لە بەغدا بۆ پارێزگاری لە مافی دەستووریی گەلی كورد قسە بكەن، چونكە ئەمڕۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان نەك هەر چاوەڕێی ئەو لیژنەیەیە بۆ بەغدا، بەڵكوو چاوەڕێیە ناو ماڵی عێراق و برایەتی و پێكەوەژیان بگەڕێتەوە بۆ پێكهاتەكانی عێراق، خەڵكی كوردستان چاوی لەوانە بە یەك ڕەنگ و یەك قسە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكەن."
لەبارەی كاتی گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا، مەحما خەلیل ئەوەی خستە ڕوو دوای ئەوەی دادگای باڵای عێراق ناوی پەرلەمانتاران پەسەند دەكات، لایەنە كوردییەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكەی عێراقدا دەست بە گفتوگۆ دەكەن، كە سەركردایەتیی كورد لەگەڵ حكوومەتێكی بنكەفراوان و نیشتیمانییە كە هەموو لایەنەكان بەشداری تێدا بكەن، چونكە حكوومەتێكی شەراكەتی نیشتمانی لەسەر ڕێككەوتنی هەولێر، شكستی هێناوە.
گوتیشی: "بەرەیەكی بەهێز وەك ئۆپۆزسیۆن لە عێراق كار بۆ ئەوە دەكات مالیكی خۆی بۆ ویلایەتی سێیەم هەڵنەبژێرێتەوە، چونكە مالیكی شەڕی سێ پێكهاتە دەكات، شەڕی سوننە بە چەك و شەڕی كورد بە بودجە و شەڕی شیعەش بە سیاسەت، لە كاتێكدا ئۆپۆزسیۆن بە 200 ئەندامەوە دژی ویلایەتی سێیەمە".
سەبارەت بە بابەتی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "كورد مافی خۆیەتی بەپێی دەستووری عێراق نەوت هەناردە بكات و هەنگاوێكی گرینگ و پیرۆزیشە لەم قۆناغەدا".
كارزان هەورامی




