حكوومه‌تی هه‌رێم له وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقدا: وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به ڤیزای عێراق سه‌ردانی هه‌رێمی كردووه

فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقی دایه‌وه، كه به‌یاننامه‌كه بێئاگایی خۆی له سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاندبوو.
له ڕاگه‌یه‌ندراوێكیدا، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی دره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فه‌لاح مسته‌فا كه دوێنێ 3\8\2012 بڵاوی كردووه‌ته‌وه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ پاش وه‌رگرتنی ڤیزای عێراقی له باڵیۆزخانه‌ی عێراق له توركیا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه، به وه‌رگرتنی ئه‌و ڤیزایه‌یش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه سه‌ردانی هه‌ر شارێك بكات.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هه‌روه‌ك جه‌ختیشی كراوه‌ته‌وه كه هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه ڕێز له سه‌روه‌رێتی عێراق ده‌گرێت، چونكه هه‌رێم به‌شێكه له عێراق و گه‌لی كوردستانیش به‌شێكی گرنگی گه‌لی عێراقه.
هه‌روه‌ك داوایشی له به‌رپرسانی حكوومه‌تی به‌غدا كردووه ئه‌و مه‌سه‌لانه به ئاسایی وه‌ربگرن و دوور له ئاڵۆزی، چونكه توركیا وڵاتێكی گرنگی دراوسێی عێراقه و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی مێژووی و ئابووری له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌یه.، ئه‌م سه‌ردانه‌یش له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو وڵات و په‌یوه‌ندییه هاوبه‌شه‌كانیاندایه.
جێگه‌ی باسه دوێنێ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا پاش ئه‌وه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه گه‌یشته هه‌رێمی كوردستان، ڕۆژی پێنجشه‌ممه سه‌ردانی پارێزگای كه‌ركووكی كرد.
به‌دوای ئه‌وه‌یشدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ڕه‌خنه‌ی له‌م سه‌ردانه و له به‌رپرسانی هه‌رێم گرت له‌وه‌ی كه به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ئه‌و سه‌ردانه ئه‌نجام دراوه و هه‌روه‌ك سه‌ردانه‌كه‌یشی به ده‌ستتێوه‌ردان له كاروباره‌كانی عێراق له قه‌ڵه‌م دابوو.




