عەلی حوسێن: پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگادا بەشداری بە پێكهاتەكان دەكات

هەولێر- KDP.info-بەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، عەلی حوسێن دەڵێت، لە پێکهێنانی حكوومەتی خۆجێیی پارێزگاكاندا پارتی ئەگەر زۆرینەیش بێت، بەشداری بە پێکهاتەكانی دیكەی كوردستان دەكات.
بەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، عەلی حوسێن، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoلەبارەی حكوومەتی خۆجێیی پارێزگاكانەوە ڕایگەیاند: "حكوومەتی خۆجێیی پارێزگا وەكوو حكوومەتی هەرێم نییە، ئێمە وەكو حكوومەتێكی بنكەفراوان پێویستە لە ڕووی سیاسی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمایەتی و نێودەڵەتیدا بتوانین یەكهەڵوێست بین، ئەوەش حكوومەتی خزمەتگوزارە و هیی خزمەتكردنی خەڵكە، زۆر ئاساییە و پێشتریش وابووە، بە نموونە حكوومەتی عێراق هیی هەموو پێكهاتەكانە، بەڵام لە حكوومەتی پاریزگادا كێ زۆرینەی هێنا و توانای دروستكردنی حكوومەتی هەبوو، ئەوا حەقی خۆیەتی."
گوتیشی: "ئێمە بەو كورسیانە و ئەو پێگەیەی كە لە هەولێر هەمانە، دەتوانین لەگەڵ پێكهاتەكانی كلدان و ئاشوور و سریان و توركماندا حكوومەت پێك بهێنین و پێشتریش ڕەچاوی ئەو پێكهاتانە كراوە. هەروەها بڕواشمان وایە پارتی ئەگەر زۆرینەش بێت و بەبێ ئەوانەش بتوانێ حكوومەت پێك بهێنێ، بەڵام ئەو پێكهاتانە هەر بەشداری پێ دەكات، چونكە ئەوانە نەك لایەنی سیاسین، بەڵكوو پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیی كوردستانن و دەبێ ڕەچاوی ئەوە بكرێ، هەروەک چۆن لە بەغدا كە حكوومەت پێك دەهێنرێت، دەبێ رەچاوی كورد و عەرەب و پێكهاتەكان بكرێ، لە كوردستانیش بەهەمان شێوە ئێمە رەچاوی ئەو پێكهاتانە دەكەین".
بەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموكراتی كوردستان هەروەها ئاماژەی دا: "لە كاری ئیداری و خزمەتگوزاریدا رەنگە زۆرینە بتوانێ خزمەتگوزاری پێشكەش بكات و ئەمە لە پارێزگاكانی عێراقیش وایە، بۆیە لایەنەكانی دیكەش دەتوانن هاماهەنگ بن و ڕۆڵیان لەناو ئەنجوومەندا هەبێ".




