٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەلاح مستەفا: "متمانەمان بە بەڵێنەكان نەماوە، كردارمان دەوێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ دیپلۆماتكارانی بیانی لە هەرێم، فەلاح مستەفا ڕایگەیاند، ئێستا کە باس لە پێكهێنانی حكوومەتێكی زۆرینەی سیاسی دەكرێت، کورد حكوومەتێكی لەم شێوەیە بە بژاردەیەكی گونجاو نازانێت و پشتگیرییش لەو هەوڵانە ناكات. دەربارەی چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدایش ڕاشکاوانە دەڵێت "متمانەمان بە بەڵێنەكان نەماوە، كاری كرداریمان دەوێت."

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لەگەڵ دیپلۆماتكارانی بیانی لە هەرێمی کوردستاندا کۆ بووەوە لە نزیکەوە لە دواپێشهاتەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، قسەی بۆ کردن.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە هاوکات باسی لە دواهەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پاریزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد و ڕۆشناییشی خستەسەر سیناریۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و گوتی "ئێستا باس لە پێكهێنانی حكوومەتێكی زۆرینەی سیاسی دەكرێت، بەڵام ئێمە حكوومەتێكی لەم شێوەیە بە بژاردەیەكی گونجاو نازانین بۆ بارودۆخی سیاسیی ئێستای عێراق و پشتگیری لەو هەوڵانە ناكەین." گوتیشی "لە دواكۆبوونەوەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارتییە سیاسییەكانی هەرێم، تیمێكی هاوبەش وەك لایەنی كوردی پێك هێنرا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق."

جەختیشی كردەوە كە هەرێمی كوردستان پێداگری دەكات لەسەر جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی و پێوەست بە چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا وەك جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور و پرسی پێشمەرگە و دارایی.  گوتی "ئێمە متمانەمان بە بەڵێنەكان نەماوە بۆیە كاری كرداریمان دەوێت."

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبووەكەدا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە، باسی لە پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و كێشەكان سەبارەت بەم پرسە لەگەڵ بەغدا كرد و رایگەیاند "حكوومەتی هەرێم تائێستا پابەندە بە دەستووری عێراق و كارەكانیشمان دەستوورین، ئەوەش لە لایەن ژمارەیەك دامەزراوەی یاسایی بێلایەنی بیانی دووپات كراوەتەوە، وێڕای ئەوەی كە پڕۆسەكە هەر لەسەرەتاوە تاوەكو ئێستا بە ئاگاداری بەغدا ئەنجام دراوە."

مستەفا گوتیشی "لە سەرەتای پرۆسەكەوە حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق لە هەوڵی دروستكردنی كێشە و گرفت بوون بۆ ئێمە و بۆ ئەو كۆمپانیایانەیش كە گرێبەستیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا کردووە، بەڵام هیچ یەكێك لەو هەنگاوانە سەركەوتوو نەبوون، چونكە كارەكانمان لەسەر رێڕەوێكی راست بوون، بۆیە ئێمە لەسەر كارەكانی خۆمان بەردەوام دەبین بەپێی دەستوور و دەرگایشمان كراوەیە بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بۆ گەیشتن بە چارەسەر و لێكتێگەیشتنی هاوبەش."

فەلاح مستەفا سوپاسی دیپلۆماتکارانیشی کرد بۆ هاوكاری و هەماهەنگیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و ئەو كار و چالاكیانەی ئەنجامی دەدەن، هاوكات تیشكی خستەسەر چۆنیەتیی بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و داڕشتنی میكانیزمی گونجاو بۆ سوودوەرگرتن لە دەرفەتەكان بۆ بونیاتنانی پردی پتەوی پەیوەندی لەنێوان هەرێم و وڵاتانی بیانی. هەروەها بۆ بەرەوپێشردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و سوودی هاوبەش، جەختی لە پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێم كردەوە.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە زیادكردنی سەردان و ئاڵوگۆڕی شاندەكان لەنێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی بیانی بە فاكتەرێكی گرینگی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری و كولتووری ناو برد. هاوكات سوپاسی ئەو وڵاتانەی كرد كە كورسیی خوێندنیان بۆ قوتابیانی هەرێم تەرخان كردووە و گوتیشی جگە لە پێویستیی زیادكردنی رێژەی ئەو كورسیانە، بە پێویستی زانی وڵاتانی دیكەیش هەمان هەنگاو بنێن.

هەر لە کۆبوونەوکەدا باس لە زیادبوونی ژمارەی ئاسمانەڕێیەكان كرا و گوتی، پێویستە ژمارەی ئەو ئاسمانەڕێیانە لە هەرێم زیاتر بن بۆ ئەنجامدانی گەشتی راستەوخۆ لە نێوان هەرێم و وڵاتانی بیانی كە كاریگەری لەسەر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكان و پەرەپێدانی بواری بازرگانی دەبێت.

هاوكات داوای ئاسانكاریی پڕۆسەی پێدانی ڤیزەی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم كرد تا بتوانن سەردانی ئەو وڵاتانە بكەن بە مەبەستی بازرگانی و خوێندن و چارەسەری پزیشكی و گەشتوگوزار.

لەلایەكی دیكەوە فەلاح مستەفا باسی لە قەیرانی سووریا كرد و گوتی "بە بڕوای ئێمە باشترین رێگەچارە بریتییە لە چارەسەری سیاسی بۆ ئەو قەیرانە." سەبارەت بە رەوشی ئاوارەكانیش سوپاسی نوێنەرانی وڵاتانی بیانی كرد كە بە شێوەی راستەخۆ و ناڕاستەوخۆ كۆمەكی ئاوارەكانیان لە هەرێم كردووە، هاوكات رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئاژانسەكانی سەر بەو رێكخراوە بەرز نرخاند.

ئەو هاوکات داوای لە نوێنەرانی وڵاتانی بیانی كرد كە كۆمەكی زیاتر پێشكەش بە ئاوارەكان بكەن بە تایبەتی کە لە ئێستادا حكوومەتی هەرێم رووبەڕووی قەیرانێكی دارایی بووتەوە بەهۆی بڕینی بودجەوە لە لایەن بەغداوە.

لە كۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی وڵاتانی فەڕەنسا، كۆماری ئیسلامیی ئێران، كۆماری توركیا، بەریتانیا، رووسیای فیدڕاڵ، ئەڵمانیای فیدڕاڵ، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، كۆماری میسری عەرەبی، شانشینی ئوردنیی هاشمی، دەوڵەتی فەڵەستین، میرنشینی یەكگرتووی عەرەبی، كۆماری ئیتاڵیا، رۆمانیا، شانشینی هۆڵەندا، پۆڵەندا و نێردەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئامادە بوون.

 

هەواڵی پەیوەندیدار