٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سبەی، تاقیكردنەوەی گشتیی قۆناخی ئامادەیی دەست پێ دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- kdp.info-  سبەی  پێنجشەممە، تاقیكردنەوە گشتییەكانی خولی یەكەمی قوناخی ئامادەیی بە هەموو بەشەكانی زانستی و وێژەیی و پیشەیی و ئیسلامی و پەرستیاری و مامانی لە سنووری هەر چوار بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیان دەست پێ دەكات.

 

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە هاجەر داود، بە kdp.infoـی ڕایگەیاند: سبەی بە بەشداریی ‌ (114050) قوتابی و خوێندكار لە (1800) هۆڵ، تاقیكردنەوە گشتییەكانی خولی یەكەمی قۆناغی ئامادەیی دەست پێ دەكات. وەزارەتی پەروەردەش سەرجەم پێداویستییەكانی ئەم پرۆسەیە و چاودێری هۆڵی تاقیكردنەوەكانی دابین كردووە، تا قوتابی و خوێندكاران لە كەشێكی ئارام و لەباردا ئەزموونەكانیان ئەنجام بدەن، هەروەها خۆئامادەكردنێكی باش بۆ ئەزموونەكانی وەزاری لە هەموو بوارێكەوە كراوە، كۆشكی ئەزموونەكان بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بە دابینكردنی سەرجەم پێداویستییەكانییەوە نۆژەن كراوەتەوە و ژمارەی لیژنەكانی كۆنتڕۆڵ زیاد كراوە تاكو بە رێكوپێكی دەفتەرەكانی ئەزمووندەران (سەح) بدرێت.

گوتیشی: ئامێری ئاشكراكردنی گزی، هەر وەك پار دراوەتە بەڕێوەبەری هۆڵەكان تاكو ئەزمووندەر پێش چوونەژوورەوەی هۆڵی ئەزموونەكان پشكنینی بۆ بكرێت. دەربارەی بەكارهێنانی حاسیبەش لەنێو هۆڵی ئەزمووندەران، تەنیا رێگە بە بەكارهێنانی حاسیبەی سادە لە جۆری Scientific Calculatorدەدرێت، واتە میمۆری و هێڵكاریی تێدا نەبێت.

هاجەر ڕوونیشی كردەوە: تاقیكردنەوەكان ئەمانەتێكی گەورەیە لەسەر شانی هەموومان، بۆیە دەبێت بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوەی ببەن و بە ئەركێكی نیشتمانیی بزانین. وەزارەتی پەروەردەش هیوای سەركەوتن بۆ قوتابی و خوێندكارانی ئازیز دەخوازێت، داواش لە بەڕێوەبەر و چاودێری هۆڵەكان و مامۆستایان دەكات ئەم پرۆسەیە بە ئەركێكی نیشتمانی بزانن، ئەو ئەمانەتەش بە دەستپاكی جێبەجێ بكەن.‌

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار