٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داوای ڕوونکردنەوەی ڕاستگۆیانە لە پەیەدە دەکات... نوێنەری کانتۆنی جەزیرە لە سلێمانی: گەلی کورد بە چاوی گومانەوە لێمان دەڕوانن

سەرچاوە: KDP.info
ئاهەنگي پشتيوانيکردن لە بەشار ئەسەد بۆ هەڵبژاردني سەرۆککۆمار لە قاميشلۆ.

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەیەدەیە لە سلێمانی،  داوا لە پەیەدە دەکات ڕوونکردنەوەی پێویست و بەپەلە بدات لە بەرانبەر ئەو سەدان سندووقەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، کە لە سنووری دەستەڵاتی پەیەدەدا دانراون. ئەو دەڵێت، هەڵبژاردنەکە ناشەرعییە و بۆ جارێکی دی پەیمان نوێکردنەوەیە بۆ دیکتاتۆرێک.

 

فەتحوڵڵا حوسێنی، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، سەرسوڕمانی خۆی لە دانانی سەدان سندووقی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە شارەکانی قامیشلۆ و عامودا نیشان داوە و بە بەرپرسانی بەڕێوەبەرێتیی خۆجێی کانتۆنی جەزیرە ڕادەگەیەنێت کە ئەو(فەتحوڵڵا حوسێنی) بەرەوڕووی پرسیارگەلێک بووەتەوە کە پێویستیان بە وەڵامی خێرا و بڕواپێکراو هەیە.

ئەم ڕاستیدرکاندنەی بەرپرسێکی کانتۆنی جەزیرە، ڕێک پاش ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنێکی فەرمیی کانتۆنی جەزیرە دێت کە دەڵێت: ئێمە وەک کانتۆنی جەزیرە هەڵبژاردن بە چارەی بنەڕەتیی قەیرانی سووریا نابینین و هەر لەو سۆنگەیەیشەوە، بەشداریکردنی هەڵبژاردن لە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی خۆمان بە ڕەوا نابینین."

بەڵام ئەوەتا  بەرپرسی ڕاگەیاندنی کانتۆنی جەزیرە لە سلێمانی، فەتحوڵڵا حوسێنی، نیگەرانیی خۆی لە هەڵوێستە دژیەکەکانی حیزبی(پەیەدە) ناشارێتەوە و دەڵێت، "بەوپێیەی کە بەرپرسی ڕاگەیاندنی کانتۆنەکەتانم لە هەرێمی کوردستان، ڕاشکاوانە پێتان ڕادەگەیەنم کە دەبێ پەیامێکی فەرمی و شەفاف و ڕوون لەو بارەیەوە دەر بکەن، چونکە ملیۆنان کورد بە چاوی بێهیوابوویی و گومانەوە لەو پرۆسە ناشەرعییە دەڕوانن کە مەبەست لێی هەڵبژاردنەوەی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆرە، یان جارێکی دی پەیمان بۆ نوێکردنەوەیەتی، ئەمەیش پاش هەموو ئەو ئازار و مەینەتیانەیە کە گەلی سووریا و تایبەت گەلی کورد، بە دەست کوشتنی بە کۆمەڵ تیرۆر لە شار و شارۆچکە و گوندەکان چەشتوویانە."

حوسێنی لە پەیامەکەیدا کە بەرەوڕووی بەرپرسانی باڵای پەیەدەی کردووە هاوکات دەڵێت "لەسەرتان پێویستە، دەستبەجێ پاساوی تەواو و ڕوونتان بۆ ئەو گەلە خۆڕاگرە هەبێت جا لەسەر خاکی خۆی بێت یانیش لە دوورە وڵات بن." 

هەواڵی پەیوەندیدار