پەرلەمانتارێك بۆ حەنان فەتلاوی: "لێدوانەکانت دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی دكتاتۆرییەت"

بەغدا- تایبەت بە KDP.info- پەرلەمانتارێكی كورد لە وەڵامی پەرلەمانتاری لیستی دەوڵەتی یاسا حەنان فەتلاویدا، کە داوای دەركردنی وەزیرە كوردەكان و بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستانی كرد، دەڵێت، ئەم لێدوانانە و خۆ بە هیی تەنیا لایەنێک زانین، "دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی دكتاتۆرییەت."
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق لانە محەممەد، بۆ kdp.infoگوتی: بە هەموو شێوەیەك لێدوانی ئەو پەرلەمانتارە رەت دەكەمەوە، چونكە ئەم جۆرە لێدوانانە واتا بڕوانەبوون بە دەستوور و دیموكراسییەت، ناكرێت پەرلەمانتار نەتیا نوێنەری یەك پێكهاتە بێت، بەڵكوو پێویستە نوێنەری هەموو خەڵكی عێراق بێت و هیچ جیاوازییەك نەكات، بەڵام حەنان فەتلاوی سەلماندی كە تەنیا نوێنەری یەك پێكهاتەیە".
لانە محەممەد زیاتر گوتیشی: "ناكرێت پەرلەمانتار نوێنەری یەك پێكهاتە بێت و دەستەڵاتیش تەنیا یەك كەس بەڕێوەی بەرێت، چونكە ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی دكتاتۆرییەت."
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی كردەوە: "هەموو لایەنێك لە چوارچێوەی دەستوور و بەپێی ئیستیحقاقی خۆی مافی لە عێراقی فیدراڵدا هەیە، بۆیە بەڕێوەبەردنی وڵات لەلایەن تاكەكەسێكەوە، واتا گەڕانەوە بۆ رابردوو كە ئەمەش بە هیچ شێوەیەك قبووڵ نییە."
بڵند ئیبراهیم




