٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیستی زەرد لە پەرلەمان: نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە لیستی زەرد لسەر ئەو باوەڕەن کە سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ پەرلەمانی کوردستان و ڕوونکردنەوەکەی پێوەست بە قەیرانی داراییی هەرێم، دڵنیاییدان بوو بە پەرلەمان و هاووڵاتیان بۆ داهاتوویەکی گەشتر.

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان جەمال مۆرتكە، لەبارەی قسەكانی نێچیرڤان بارزانی لە پەرلەمان لەسەر قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "ئەو پەیامەی نێچیرڤان بارزانی ڕوون و ئاشكرا بوو بۆ ئەو گرفتانەی كە لە ڕابردوودا لە نێوان هەرێم و بەغدادا دروست بوون و تا ئێستاش بەرۆكی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، هەروەها پەیامێكی ڕاستگۆیانە و واقیعبینانە بوو كە بە گەلی كوردستانی گوت ئەوە ڕاستییەكەیە و ئەوەش گرفتەكەمانە."

گوتیشی: "پێویستە ئێمە وەكو كورد بیر بكەینەوە و تەبایی بپارێزین، بۆ ئەوەی ئەو ئاراستە مەترسیدارە بۆ ئاییندەی كورد و دەستكەوتی كورد نەتوانێت بەسەرماندا زاڵ بێت و یەك بگرین بۆ ئەوەی داهاتوویەكی گەش بۆ وڵاتەكەمان دەستەبەر بكەین".

هەرلەم بارەیەوە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان نازم هەركی، بۆ kdp.infoگوتی: "زۆرینەی پەرلەمانتاران بە ڕوونكردنەوەكەی نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵ بوون، چونكە زۆر بە شەفافی باسی لە سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان كرد لە ساڵی 2005ـەوە تاوەكو ئێستا و پرۆسەكەیشی بە وردەكارییەوە ڕوون كردەوە".

هەركی راشیگەیاند: "ئێمە قەناعەتێكی تەواومان بەو ڕوونكردنەوەیەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لەبارەی قەیرانی دارایی و پرسی نەوت هەبوو، چونكە هۆكار و چۆنیەتیی چارەكردنی كێشەكەی زۆر بە جوانی شی كردەوە".

كارزان هەورامی - بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار