مستەفا جومعە: بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنی سووریا پەیەدە هاوكاریی رژێم دەكات

رۆژئاوای كوردستان- تایبەت بە KDP.info- ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا دەڵێت، لە تەوای ناوچە كوردییەكان سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سووریا دانراوە و پەیەدەش لەجیاتی رێگریكردن لێیان، هاوكارییان دەكات.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا مستەفا جومعە، بۆ kdp.infoگوتی: پەیەدە بە ئاشكرا باس لەوە دەكات كە هەر كەسێك مافی خۆیەتی بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماری سووریادا بكات و رێگا بە رژێمی سووریا دەدات سندووقی دەنگدان لە ناوچە كوردییەكان دابنرێن و ئاڵای رژێمیش لە هەموو ناوچە كوردییەكان دانراوە و هاوكارییشیان دەكات بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن سەكەوتوو بێت.
مستەفا جومعە گوتیشی: ئێمە وەكو ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی، دژی بەشداریكردنی كوردین لەو هەڵبژاردنەدا و لەگەڵ شۆڕشی سووریاداین دژی رژێمی ئەو وڵاتە، چونكە لەوەتەی كورد لەو وڵاتە هەیە لەسەر دەستی ئەو رژێمە دەچەوسێنرێتەوە و ستەمی لێ دەكرێت.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا زیاتر گوتی: لە ناوچە كوردییەكان پەیەدە دەستەڵاتدارە و رژێمی سووریا بە ئازادانە دێن سندووقی دەنگدان دادەنێن و هیچ كەسێك رێگرییان لێ ناكات و بگرە لە لایەن پەیەدەوە هاوكارییشیان دەكرێت.
ئەوەشی خستە روو كە لە رۆژی هەڵبژاردنیشدا پەیەدە شوێنەكانی دەنگدان دەپارێزێت كە ئەمەش "ناپاكی"-یە لە كوردانی ئەو ناوچەیە دەكرێت، چونكە هیچ پڕۆژەیەكی كوردییان نییە و پڕۆژەی لایەنی دەرەكی جێبەجێ دەكەن.
بڵند ئیبراهیم




