بەیان باقر ئەلزوبەیدی: حكوومەتی داهاتوو لایەنە بەهێزەكان پێكی دەهێنن

بەغدا - kdp.info- بەیان باقر جەبر ئەلزوبەیدی سەركردە لە لیستی مواتنی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق بە سەرۆكایەتیی عەممار حەكیم، سەبارەت بە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق رایگەیاند كە حكوومەتی داهاتوو لە رێگەی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەوە دەبێت.
بە گوتەی زوبەیدی، كوتلەكە لە تەواوی لایەنەكان بەهێزەكانی شیعە و سوننە و كورد پێك دێت، ئەمەش بە مەبەستی دروستكردنی بەربەست لە بەردەم ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بۆ ئەوەی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كاندید نەكاتەوە.
هاوكات لە لایەكی دیكەوە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار رایانگەیاند كە لایەنە سیاسییەكانی عێراق سەرقاڵی پێكهێنانی كوتلەیەكن كە لە 200 پەرلەمانتار پێك هاتووە، ئەمەش بە مەبەستی بڕینی رێگە لە نووری مالیكی لە گەیشتنەوە بە پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
بە گوێرەی زانیارییەكان، لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە هەوڵەكانیان بۆ دوورخستنەوەی نووری مالیكی لە گۆڕەپانی سیاسی و هەروەها كاندیدنەكردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران بۆ سێیەم جار لەسەر یەك بەردەوامن، لەم ڕووەشەوە لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە شیعە و سوننە و كوردەوە لە هەوڵی ئەوەدان كە لە رێگەی دروستكردنی گەورەترین كوتلەوە رێگە لە مالیكی بگرن بۆ ئەوەی جارێكی تر دەستی نەگاتەوە بە پۆستی سەرۆكوەزیران.




