نێچیرڤان بارزانی: بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان نەوتمان فرۆشتووە... ئێمە یەکگرتوو بین، بەغدا ناتوانێت چۆکمان پێ دابدات

ھەولێر-kdp.info- سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەرلەمانی کوردستانەوە ڕایگەیاند، ئەو گرفتانەی هەرێم لەگەڵ بەغدا هەیەتی بە هۆی ئەوەوەیە کە بەغدا هێشتا هەر وەک پارێزگایەک لە هەرێمی دەڕوانێت. گوتیشی "بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان نەوتمان فرۆشتووە و هەرێم لەو هەنگاوەی ناویەتی ناگەڕێتە دواوە."
نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە کە لەسەر خواستی خۆی چووە پەرلەمانی كوردستان و سەبارەت بە قەیرانی مووچەی هەرێمی كوردستان دوا، ڕایگەیاند "بەغدا چەند ساڵێكە 10%-ی مووچەی هەرێمی كوردستان دەنێرێت، ئەوەش بە 36 وەجبە، لەكاتێكدا پێویستە 17% بنێرێت". گوتیشی "بەغدا ئێستا 6 تریلیۆن دینار قەرزداری هەرێمی كوردستانە".
نێچیرڤان بارزنی گوتی "ئێمە کە نەوت دەردەهێنین و هەناردەی دەکەین بەپێی دەستووری عێراقە و سەرپێچیی نەکراوە"، زیاتر گوتی "بەغدا دەڵێت ئێمە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكەین بە بودجە، بەڵام ئێمە هەرگیز ئەوە قبووڵ ناكەین، چونكە هیچ گەرەنتییەك نییە بۆ ئەوەی رێگر بێت لەوەی جارێكی دیكە بە بڕیاری تاكە كەسێك بودجەی هەرێمی كوردستان نەبڕدرێ".
سەرۆکوەزیران هاوکات ڕوونی کردەوە "ئەمەریکا ئاگاداری وردەکاریی کێشەی ئێمە و بەغدا هەیە و ئەوان خوازیار بوون کە ئێمە و بەغدا بگەینە ڕێککەوتنێک."
دەربارەی ئەوەیش کە هەرێم مافی "ئێمـە بڕیاری فرۆشتنی نەوتمان بەپێی بڕیاری پەرلەمان داوە، یاسای ژمارە 5 لە 2013 لە ماددەی شەشدا دەڵێت: پێویستە لەسەر حکوومەتی هەرێم ڕێکاری یاسایی خۆی بۆ بەدەستهێنانی بودجە بگرێتە بەر و دەتوانێت لە سوود لە سامانە سرووشتییەکانی خۆی ببینێت و بیشیفرۆشێت."
هاوکات جەختی کردەوە "بە پاڵپشتیی پەرلەمان ئەم بڕیارەمان داوە"، گوتیشی "ناتوانین چی دی چاوەڕێی بەغدا بین کە هەرچۆن ویستی مامەڵەمان لەگەڵدا بکات."
سەرۆکوەزیران سەرباری ئەوەی کە ڕایگەیاند هەرێم دەیەوێت لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێککەوتن، دووپاتیشی کردەوە کە "هەرێم جارێکی دی ناگەڕێتەوە دواوە."
گوتیشی کە "بەغدا هیچ وەخت ناتوانێت چۆک بە هەرێم دابدات و ئەگەر ئێمە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیمان بپارێزین سەرکەوتوو دەبین و، سەربەخۆیی ئابووریمان بەدەست دێنین."
نێچیرڤان بارزانی هاوکات، نیازپاكیی هەرێمی كوردستانیشی نیشان دا بەوەی، كە هەرێم ڕێگر نابێت كۆمپانیای سۆمۆ چاودێریی پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بكات، زیاتر ڕوونی کردەوە "بەڵام كۆنترۆڵ نادەینە دەست سۆمۆ، ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوەی 17% بودجەی حەقیقی بگاتە هەرێمی كوردستان".
راشیگەیاند حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستایش دەرگای گفتوگۆی لەگەڵ بەغدا كراوەیە بۆ رێككەوتن، "بەڵام ئەگەر ئەوان هەموو دەرگاكان دابخەن ئێمەش هەروا ناوەستین، فرۆشتنی نەوتیش پەیامی ئێمە بوو بۆ بەغدا كە دەتوانین ئەوەی بمانەوێ بیكەین و هەنگاوێكیش لەو پرۆسەیە پاشەكشە ناكەین".
نێچیرڤان بارزانی پێوەست بە دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دووپاتی کردەوە کە "هەرگیز مووچەی کەس نافەوتێت"، ڕێزیشی لەو پشوودرێژییەی فەرمانبەران نا کە بە هۆی دواکەوتن و نەدانی مووچە لە کاتی خۆیدا هەیانە.
ڕایشیگەیاند کە، "زۆر گرینگە لە ڕێی پەرلەمانی کوردستانەوە پەیامەکانمان بگەیەنین و سوپاس بۆ پەرلەمانیش کە ئەو داوایەی ئێمەی بۆ ڕوونکردنەوە لە پەرلەمان گبووڵ کرد و دەخوازم ئەمە ببێت بە کولتوورێک."




