هاوپەیمانیی كوردستانی: فرۆشتنی نەوتی عێراق دزییە، نەك هیی هەرێمی كوردستان

بەغدا - تایبەت بە KDP.info- دوای ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی، پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستانی بە نزیك لە دزی ناو برد، لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق لە بەرانبەردا دەڵێت "فرۆشتنی نەوتی عێراق دزییە، چونكە ماوەی 10 ساڵە سیاسەتی فرۆشتنی نەوتی عێراق مەركەزییە و خەڵكی عێراق سوودی لێ وەرناگرن."
جێگری سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، موحسن سەعدوون، بە KDP.INFOـی ڕاگەیاند: "هەرێمی كوردستان بەپێی ماددەی 112 لە دەستووری عێراق، مافی فرۆشتنی نەوتی هەیە و بە هیچ جۆرێك دزی نییە و بە ئاشكراش دەیفرۆشێت، ڕوونیشە كە هەموو خەڵًكی عێراقیش سوودی لێ وەردەگرێت."
موحسن سەعدوون گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێ چاوەڕێی بەغدا بكات كە ماوەی ساڵێكە داوا دەكات كێشەی نەوت چارە بكرێت، ئەوان ئامادە نین و دەیانەوێت لە رێی كۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت كە هیی سەردەمی رژێمی بەعسە و 20 تا 30 بەڕێوەبەری گشتی لەو كۆمپانیایە لە سەردەمی رژێمی بەعسەوە تاوەكو ئێستا لەوێ كار دەكەن بە شێوەیەكی مەركەزی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش داوای كردووە لە رێگەی ئەو كۆمپانیایەوە نەبێت، بەڵام بە هەماهەنگی سەرپەرشتی بكەن نەك تاكلایەنانە، وەلێ بەغدا رازی نەبووە."
جێگری سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، ڕوونیشی كردەوە كە ماوەی 10ساڵە نەوتی عێراق دەدزرێت و سیاسەتی نەوتی عێراق مەركەزییە و خەڵك سوودی لێ نابینێت و رێژەی هەژاری لە هەندێك پارێزگا 35%ـە لە كاتێكدا كە عێراق بە یەكێك لەو وڵاتە بەناووبانگانە هەژمار دەكرێت كە زۆرترین رێژەی نەوتی لێ بەرهەم دەهێندرێت.
سەعدوون گوتیشی: "نەوتی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور دەفرۆشرێت و نەك تەنها هەرێمی كوردستان، بەڵكوو هەموو خەڵكی عێراق سوود لە داهاتەكەی وەردەگرێت، ئەمەش وەكو عێراق نییە كە بە شێوەیەكی مەركەزییە و خەڵك هیچ سوودێكی لێ وەرناگرێت."
سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی، ئەمڕۆ لە میانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە عێراق، بە توندی رەخنەی لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان گرت و بە پرۆسەیەكی "نزیك لە دزی" ناوی برد.
بڵند ئیبراهیم




