٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی و یەکێتی لە پەلەکردن بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەم و پرسە چارەنووسسازەکاندا، هاوهەڵوێست بوون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی دەڵێت، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتیدا، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا و هاوکات هاوهەڵوێستی و یەكدەنگیی هەموو لایەنە سیاسییەكان، هەنگاوەكانی كاری هاوبەش لە كابینەی هەشتەمی حكوومەت و، یەکهەڵوێستی و یەکدەنگی پێوەست بەو پرسە چارەنووسسازانەی داهاتووی هەرێمی كوردستان نیشان دەکەن، خرانە بەر باس و هاوهەڵوێستیش بوون.

ئەمڕۆ سێشەممە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە هەولێر لە نووسینگەی تایبەتیی نێچیرڤان بارزانی كۆ بوونەوەو تێیدا کۆمەڵێک پرسی پێوەست بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی ناوچەکەیش خراونەتە بەر باس و بیروڕاکانیان دەربارەی پرسەگەلێکی چارەنووسساز لێک نزیک بوون.

ئەندامی سەركردایەتیی و ئەندامی شاندی دانوستاندکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، دڵشاد شەهاب لە لێدوانێکدا بۆKDP.infoگوتی: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتی لەسەر ئاستی باڵای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ئەنجام درا کە هەریەك لە بەرێزان نێچیرڤان بارزانیی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆسرەت رەسووڵی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرپەرشتییان دەکرد و بەشی هەرە زۆری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی هەردوولایش ئامادە بوون.

دڵشاد شەهاب گوتی، "كۆبوونەوەكە چەند تەوەرێكی گرینگی لەخۆ گرتبوو، یەكەمیان پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوهەڵوێستی و یەكدەنگیی هەموو لایەنە سیاسییەكان، بەتایبەتی یەكێتی و پارتی بەرامبەر پرسە ناوخۆییەكان و ئەو گۆرانكاریانەی كە دێنە ئاراوە."

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە پێوەست بووە بە "مامەڵەكردن لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لەگەڵ بەغدا و تەئكیدكردنەوە لە پاڵپشتیكردنی هەنگاوەكانی لیژنەی دانوستانكاری هاوبەش كە هەموو لایەنەكان تێیدا بەشدارن و لەبەر رۆشنایی كۆبوونەوەی جەنابی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان تەئكیدی لە پشگیریی تەواوی ئەو لیژنەیە و كاری هاوبەش كرایەوە كە پارتی و یەكێتی پاڵپشتی سەرەكیی ئەو لیژنەیە بن."

 پێوەست بە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دڵشاد شەهاب گوتی، "لایەنێكی تری كۆبوونەوە، باسكردنی هەنگاوەكانی كاری هاوبەش لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئایندەدا كە لەسەروبەندی پێكهێنانی داین، بەتایبەتی دوای راسپاردنی بەرێزان نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی كاری هاوبەش بۆ سەرخستنی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دوای راسپاردنی هەردوو بەرێزان بە پێكهێنانی كابینەكە و پاڵپشتیی تەواوی هەردوولا و سەرخستنی كارەكانی حكوومەت بە شێوەیەك بێت كە لە ئاستی داخوازییەكانی گەلی كوردستان بە گشتی بێت."

دڵشاد شەهاب گوتیشی، کۆبوونەوەکە جەختی لە بەردەوامیدان بە كۆبوونەوەكان لەپێناو هاوهەڵوێستی و كاری هاوبەش پێوەست بە هەموو ئەو پرسە چارەنووسسازانەی كەوا پەیوەندارن بە ئایندەی هەرێمی كوردستان، لە ناوخۆی كوردستان و لەسەر ئاستی ئیقلیمی و مامەڵەكردن لەگەڵ دنیای دەرەوەیشدا کردەوە.

بە گوتەی شەهاب، هەردوو لا کۆک بوون لەوەی کە بە هاوهەڵوێستی و بە یەكریزیی نێوان لایەنەکان دەتوانرێت کاری باشتر بکرێت، هەربۆیە کۆبووەوەکان جەختیان کردووەتەوە  كە، كاری هاوبەشی  پارتی و یەكێتی ببێتە هۆكارێكیش بۆ زیاتر پتەوكردنی یەكریزی لە نێوان سەرجەم لایەنەكاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار