٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عارف تەیفوور داوا لە یوئێن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات ددان بە کوردستانیبوونی کەرکووکدا بنێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.INFO- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، عارف تەیفوور، ئەمڕۆ سێشەممە، داوای لە یوئێن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بە فەرمی ددان بە واقیعی دانیشتووان و جیۆگرافیای کەرکوودا بنێن. ئەو دەڵێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی سەلماندی کە دەبێ کار بکرێ بۆ گێڕانەوەی کەرکووک بۆ باوەشی هەرێمی کوردستان.

لە بەیاننامەیەکیدا کە دانەیەکی بۆ نێردراوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕوونی دەکاتەوە "بەدەستهێنانی 8 کورسی لە لایەن کوردەوە بۆ پەرلەمانی عێراق، بەرانبەر بە 2 کورسیی بۆ هەریەک لە عەرەب و توکمانەکان، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانی پارێزگای کەرکووک لە نەتەوەی کوردن، سەرکەوتنی پێکهاتەی کورد لەو پرۆسە دیموکراسییەدا، پەیامێکی ڕوونی بە هموو لایەکدا بە تایبەت ئەونەی گومانیان لە کاردستانیبوونی کەرکووک هەیە."

تەیفوور هاوکات داوا دەکات "نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە فەرمی ددان بە واقیعی دانیشتووان و جیۆگرافیای کەرکووکدا بنێن و کار بکرێت لەپێناو گێڕانەوەی بۆ باوەشی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە تا ببێتە پێنجەم پارێزگای هەرێمی کوردستان. هەروەها گێڕانەوەی مافەکانە بۆ خاوەنە ڕاستینەکانی لە کورد و تورکمان و لادانی مەینەتییەکانی ئەوانەیە کە لەسەر دەستی ڕژێمی لەنێوچوو، دووچاری سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا و عەرەباندنی بەزۆر بوونەتەوە."

ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیشە کە بە گێڕانەوەی کەرکووک بۆ باوەشی هەرێمی کوردستان، دەتوانرێت کێشەی ئەمنیی ئەو پارێزگایە چارە بکرێت کە هەمووان بە دەستییەوە دەناڵێنن.

تەیفوور هاوکات جەختی کردەوە، "کەرکووک وەک شارێكی عێراقی دەمێنێتەوە بەڵام بە ناسنامەی کوردستانی و، دەبێت بە نموونەیەکی پێکەوەژیانی برایانە و ئاشتیانە بۆ کۆی پێکهاتەکان بە کورد، تورکمان، عەرەب، کلدان و ئاشوورییەوە و تەواوی مافەکانیان تێیدا پارێزراو دەبێت." 

هەواڵی پەیوەندیدار