دیندار زێباری: زیندانیكراوان لە هەرێم بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە یاساییەكان ڕەفتاریان لەگەڵدا كراوە

هەولێر- KDP.INFO-دوای ئەوەی رێكخراوی هارتلاند (Heartland) راپۆرتێكی سەبارەت بە بوونی ئەشكەنجەدانی بەندییەكان لە هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان د. دیندار زێباری، ڕایگەیاند كە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 لە ساڵی 1969 سزادان و ئەشكەنجەدانی بەندییەكان قەدەغە كراوە، ئەگەر حاڵەتێكیش هەبێت ئەوە هەڵسوكەوتێكی تاكەكەسییە و سەرپێچیكار سزا دەدرێت.
زێباری دووپاتی دەكاتەوە كە، دەستگیركردنی هەر تۆمەتبارێك بە فەرمانی دادوەری یاسایییە و بەپێی بەڵگە دەستگیر دەكرێت، بۆیە لە دامەزراوە ئەمنییەكاندا پێویست بە ئەشكەنجەدان ناكات، بۆ سەلماندنی ئەمەش ناوی بنكەكانی ئاساییش و بەندكراوان لە راپۆرتەكەدا دیاری نەكراوە. لە لایەكی دیكەوە ژمارەیەكی زۆری میدیاكاران سەرقاڵی ڕووماڵكردنی هەواڵەكانن لە هەرێمی كوردستان و هێزەكانی ئاساییش هاوكار و هەماهەنگیان بوون.
گوتیشی: ئەگەر ئەشكەنجەدانی میدیاكارانیش لەلایەن كەسانی دیكەوە بەرامبەریان كرابێت، ئەوا پەیوەندی بە دەزگا ئەمنییەكانەوە نییە و ئەگەری ئەوە هەیە كێشەی كۆمەڵایەتی و تایبەتیان هەبێت. سزادانی میدیاكاران بەپێی یاسای سزادانی عێراقی یاخود یاسای ڕۆژنامەوانی، لەلایەن دادگاوە یەكلا دەبێتەوە.
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دەشڵێت: ڕاگیراو بە هیچ شێوەیەك بە بێ هۆ نامێنێتەوە و هەر كاتێك پەڕاوی لێكۆڵینەوەی تەواو بوو، یەكسەر ڕەوانەی دادگا دەكرێت بۆ ئەوەی بەپێی یاسا ڕەفتاری لەگەڵ بكرێت جا چ بە ئازادكردنی و یاخود حوكمدانی و سزای زیندانیكردن بێت.
دیندار زێباری ئاماژەشی دا كە هیچ ڕاگیراوێك بە بێ هۆكاری یاسایی بۆ ماوەیەكی درێژ نەماوەتەوە، هەموو زیندانیكراوەكانیش لەسەر بڕیاری دادوەر راگیراون و بەپێی ماددە یاساییەكان ڕەفتاریان لەگەڵدا كراوە و هیچ بەندكراوێكی تر نییە كە دەستبەسەر بێت. سەبارەت بەو شوێنانەی كە بە نهێنی زیندانیی تێدایە و لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژەی پێ دراوە، بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەمان لەسەر كردووە و لە دەرئەنجامدا دەركەتووە كە ئەو شوێنانە بوونیان نییە.
زێباری دووبارە داوا لە رێكخراوی هارتلاند (Heartland) دەكات كە ئەگەر حاڵەتی پێشێلكاریی تۆماركراو بە بەڵگە لەلایان هەیە ئەوا بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بنێرن بۆ ئەوەی رێكاری یاسایی پێویست لە بەرامبەریدا وەربگیرێت.




