نەوتی كوردستان پێداویستیی 200 ساڵی توركیا و ساڵ و نیوێکی جیهان دابین دەكات

هەولێر-KDP.info- ئەو رێژەی نەوتە مەزەندە کراوەی لە كوردستاندا هەیە دەتوانێ بۆ ماوەی 200 ساڵ پێداویستیی توركیا و ساڵ و نیوێکی جیهان دابین بكات.
بەپێی ئەو ئامار و داتایانەی كە ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوە نێودەوڵەتییەكاندا كۆی كردوونەتەوە لە ناوچە كوردییەكانی ژێر دەستەڵاتی حكوومەتی كوردستاندا، زیاتر لە 6.14 ملیار تەن نەوتی یەدەگ هەیە و كاتێك ئەو رێژەیە لەگەڵ رێژەی وەبەرهێنانی ساڵانەی نەوت لە توركیا كە 31.5 ملیۆن تەنە بەراوەرد دەكرێت، دەردەكەوێ كە ئەو نەوتەی كوردستان پێداویستیی 200 ساڵی توركیا دابین دەكات و، هاوكات نەوتی كوردستان دەتوانێ هەموو پێداویستییەكانی جیهان بە نەوت بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک دابین بكات.
لە تەق تەق، تاڤگە، خورمەلە و شێخان و چەندین ناوچەی دیكەدا رۆژانە زیاتر لە 54 هەزار تەن نەوت بەرهەم دەهێنرێ و، چاوەڕوان دەكرێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێژەی هەناردەی نەوتی خۆی تا ساڵی 2015 و لە رۆژێکدا بگەیەنێتە 136.5 هەزار تەن و تا ساڵی 2019 ئەو رێژەیە دەگەینرێتە 273 هەزار تەن.
شارەزایان پێیان وایە تاکە رێگای هەرزان و ئەمنی، گەیاندنی ئەو سەرچاوە وزەییانە بۆ جەیهانی توركیایە، توركیا بۆ هەناردنی نەوتی عێراق و كوردستان لە رێگای بۆریی نەوتبەری كەركووك جەیهانەوە بۆ ئەورووپا و هەروەها بە هۆی هەڵكەوتی جیۆستراتیژیكییەوە توركیا بۆ عێراق و كوردستان زۆر گرینگە.
عێراق بە بڕی 20 ملیار تەن نەوتی یەدەگەوە لە دوای وڵاتانی سعوودیە، ڤەنەزوێلا، ئێران و كانادا یەكێك لە گەورەترین وڵاتانی جیهانە بۆ دابینكردنی نەوت و بەشێكی زۆری داهات و ئابووریی ئەو وڵاتە لە سەر نەوتە و سەدا 60ی رێژەی نەوتی عێراق لە بەسرەیە و نەوتی عێراق لە پێنج وێستگە یا گۆڕەپانی گەورەدا كۆ كراوەتەوە.
بەشێكی زۆر كەمی نەوتی عێراق لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتەدایە و سەدا 17ی دیكەی ئەو نەوتە لە كوردستاندایە و بەشێكی زۆری ئەو سەدا 17یەیش لە دەرەوری كەركووكدایە و بە هۆی مافی خاوەنداریەتیكردنی ئەو نەوتەی دەورووبەری كەركووكیش حاڵی حازر ناكۆكی لە نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە.
حاڵی حازر لە 17 ناوچەی جیاجیای كوردستاندا پڕۆسەی وەبەرهێنانی نەوت بەردەوامە و رۆژانە نزیكەی 34 هەزار تەن نەوت بەرهەم دەهێنرێ.
بەشێكی زۆری نەوتی عێراق كە رۆژانە نزیكەی 410 هەزار تەنە لە لایەن كۆمپانیای بەپە و ئەو كۆنسۆرسیۆمانەی بە سەرۆكایەتیی بەپە كار دەكەن دەردەهێنرێ، كۆمپانیای جی ئین پی جی چینی، كۆمپانیای ستاتۆئیلی نۆروێژی، كۆمپانیای ئەنی ئیتالیا و گازپڕۆمی رووسیایی و چەندین گەورەكۆمپانیای دیكەی جیهانی بەشێكن لەو گەورەكۆمپانیانە كە هاوبەشی نەوتی عێراقن.
لە كوردستانیشدا كۆمپانیاكانی وەكو ئیكسۆن مۆبیلی ئەمەریكایی و شیڤرۆن، تۆتاڵی فەرەنسایی، گازپڕۆمی رووسیایی چالاكن و دەزانرێ كە دوو گەورەكۆمپانیای توركیایش لە كوردستاندا چالاكن.
هەر یەك لە ئەمەریكا بە رێژەی سەدا 19 و هیندستان بە رێژەی سەدا 13 و چین بە رێژەی سەدا 19 کڕیاری نەوتی عێراقن و پڕۆسەی كڕین و فرۆشتنی ئەو نەوتە لە رێگای بەندەری بەسرەوە ئەنجام دەدرێ.
توركیا لە رێگای بۆریی نەوتبەری كەركووك جەیهانەوە نەوتی عێراق دەكڕێ، لە تەنیشت ئەو بۆڕییەدا دوو هێڵی دیكە بە درێژایی 1000 كیلۆمەتر هەیە و توانای گواستنەوەی رۆژانە 1.65 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە، بەڵام بە هۆی كێشەی جیاجیاوە هەر چەند رۆژ جارێك ئەو هێڵە رووبەرووی گرفت دەبێتەوە و حاڵی حازر ئەو بۆرییە راوەستاوە و لە ماوەی رابردوودا رۆژانە تەنیا 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە.
كوردستان بەشی هەرە زۆری هەناردەی نەوتی لە رێگای توركیاوە ئەنجام دەدا و رۆژانە نزیكەی 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگای بۆریی نەوتبەرەوە هەناردەی توركیا دەكات و ئەو نەوتە لە تانكەرەكانی بەندەری جەیهاندا كۆ دەكرێتەوە.
هیوا ئەردەلان




