٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی زەرد: سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ پەرلەمان لەسەر داوای خۆی بووە نەک پەرلەمانتاران

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان رەتی دەکاتەوە پەرلەمان بۆی ھەبێت لێپرسینەوە و پرسیارە لە سەرۆکی حکوومەت بکات و دەشڵێت، نێچیرڤان بارزانی، لەسەر داوای خۆی دێتە پەرلەمان و تێیدا روونکردنەوە لەبارەی قەیرانی داراییەوە دەدات.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی زەردلەپەرلەمانی کوردستان، ئامینە زکری، بەkdp.info-ی راگەیاند: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشنیازی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردبوو بێتە پەرلەمانی کوردستان بۆ روونکردنەوەی قەیرانی دارایی و سەرۆکی پەرلەمانی بە ئاشکرا باسی لەوە کرد کە لەسەرداوای خودی سەرۆکی حکوومەت بووە، بەڵام جێی سەرسوڕمانە کە ھەندێک کەس ئەمە بە دەستکەوت بۆخۆی ھەژمار بکات. دەبێت بزانرێت ئەم سەردانەی پەرلەمان داوای ھیچ پەرلەمانتارێک نییە و لەسەر داوای خۆدی نێچیرڤان بارزانییە کە دێتە پەرلەمان."

ئامینە زکری گوتیشی: "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ و یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم، ئەو پەرلەمانەی ئێستا بۆی نییە لێپرسینەوە و پرسیار ئاراستەی سەرۆکی حکوومەت بکات، بەڵام بەھۆی ھەست بە بەرپرسارەتیکردن و گرینگیی بابەتەکە سەرۆکی حکوومەت خۆی داوای کردووە ئەم پرسە ڕوون بکاتەوە."

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونی کردەوە: "هاتنی سەرۆکوەزیران تەنیا بۆ روونکردنەوەی خۆیەتی لەبارەی قەیرانی داراییەوە و ھیچ لێپرسینەوە و پرسیار  نابێت، بەڵام وەکو ھاوکارییەکی پەرلەمان داوامان کرد ئێمەش پرسیاری خۆمان بۆیان رەوانە بکەین و لە چوارچێوەی روونکردنەوەکەدا وەڵامی پرسیارەکانی پەرلەمانتارانیش بداتەوە، بەڵام وەکو یاسا و پەیرەوی ناوخۆ بۆمان نییە پرسیار و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەین."

ئەم ڕوونکردنەوەیەی زکری لەکاتێکدایە، ھەندێک لە پەرلەمانتاران باسیان لەوە کردووە کە لەسەر داوای پەرلەمان نێچیرڤان بارزانیی سەرۆکی حکوومەت دێتە پەرلەمان و بۆشیان ھەیە پرسیاری لێ بکەن.

وەها بڕیارە سبەی چوارشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بچێتە پەرلەمانی کوردستان و لەوێوە قەیرانی داراییی هەرێمی کوردستان بخاتە بەر باسەوە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار