٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاڵتان تان: پێویستە پەكەكە بەپەلە منداڵە ڕفێندراوەكان بگەڕێنێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

دیاربەكر -KDP.info - پەرلەمانتاری هەدەپە، ئاڵتان تان لە دیاربەكر ڕایگەیاند، بردنی منداڵانی ژێر 18 ساڵ بۆ سەر چیا قبووڵ ناكرێت و پێویستە پەكەكە بە زوویی ئەو منداڵانە بگەڕێنێتەوە.

پەرلەمانتاری دیاربەكری پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) ئاڵتان تان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رەخنەی لە ڕفاندن و بردنی منداڵانی ژێر تەمەن 18 ساڵ بۆ سەر چیا گرت و گوتی: "بردنی منداڵی ژێر تەمەن 18 ساڵ بۆ سەر چیا، هیچ پاساوێكی ئەخلاقیی نییە، بۆیە پێویستە پەكەكە بەپەلە ئەو منداڵانە بگەڕێنێتەوە."

ئاڵتان تان هەروەها گوتی: "منداڵێكی ژێر تەمەن 18 ساڵ توانای بڕیاردانی نییە، بۆیە ناكرێ بە زۆر هیچ شتێكی بەسەردا بسەپێنردرێت و دەبێ پەكەكە بە هیچ شێوەیەك ئەو جۆرە منداڵانە كە بە هەر جۆرە پاساوێك ڕەوانەی چیای دەكردن، وەرنەگرێت و بیانگەڕێنێتەوە."

تان لە بارەی قۆناغی چارەسەریی پرسی كوردیشەوە ئاماژەی دا: "قۆناغی چارەسەری تا ئێستا زۆر ناشەفافانە بەڕێوە چووە و ئەوەی تا ئێستا ئەردۆغان ئەنجامی داوە تەنیا بۆ رزگاركردنی خۆی و كەمكردنەوەی ئاستی ناڕەزایەتیی كورد بووە."

ئاڵتان تان گوتیشی كە ئەردۆغان بۆ ئەوەی بتوانێ لە هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری توركیا و هەڵبژاردنی گشتیی ئەو وڵاتەدا سەركەوتوو بێت، قۆناغی چارەسەری بۆ كۆكردنەوەی دەنگی كورد بە كار دەهێنێت و بەو جۆرە هەوڵ بۆ كەمكردنەوەی ئاستی ناڕەزایەتییەكانی كورد دەدات.

هیوا ئەردەلان

هەواڵی پەیوەندیدار