سعوود مەلا: پەیەدە هێشتا رێگە نادەت بۆ رۆژئاوای كوردستان بگەڕێینەوە

رۆژئاوای كوردستان - تایبەت بە KDP.info- سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا دەڵێت، گرتن و بەزۆر ڕەوانەكردنەوەی ئەندامانیان لە لایەن پەیەدەوە بۆ هەرێم بەردەوامە و لەسەر ئەوەش مكوڕن هەر كاتێك بگەڕێنەوە دەستگیریان دەكەن و ڕەوانەی هەرێمی كوردستانیان دەكەنەوە.
سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا، سعوود مەلا، بۆ kdp.infoگوتی: "هەردوو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان گەیشتبوونە رێككەوتن بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ رۆژئاوا و داوایان لێمان كردبوو كە لە ماوەی دوو رۆژدا وەڵامی ئێمە دەدەنەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا بێوەڵامن."
سعوود مەلا گوتیشی: "دوێنێ، لیژنەی مەركەزیی ئێَمە كۆ بووەوە و تێیدا بڕیار درا كە ئەگەر ئامادە بن ئاساییشی ئێمە بپارێزن، دەگەڕێینەوە."
سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا ڕوونیشی كردەوە: "پەیەدە بە هیچ جۆرێك رازی نییە ئێمە بگەڕێینەوە و بە ئاشكرا باسیان لەوە كردووە هەر كاتێك بگەڕێینەوە دەستگیرمان دەكەن و ڕەوانەی هەرێمی كوردستانمان دەكەینەوە، بۆیە گەڕانەوەی ئێمە مەترسی بۆ سەر ژیانمان دروست دەكات، بەڵام بە هەر جۆرێك بێت پێویستە بگەڕێینەوە."
ئەوەشی خستە ڕوو: "گرتن و ڕەوانەكردنەوەی ئەندامانمان بەردەوامە و تا ئێستاش پێنج ئەندامی ئێمە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كراونەتەوە و سێ ئەندامیش دەستگیر كراون، هەروەها دوو ئەندامی دیكەش هەر كاتێك بیانگرن ڕەوانەی هەرێمی كوردستانیان دەكەنەوە."
سعوود مەلا ئاماژەیشی دا، "لە ئێستادا چاوەڕوانی ئەوە دەكەین ئاساییشمان بپارێزرێ لە لایەن ئەندامانمانەوە و بە هەر جۆرێك بێت دەگەڕێینەوە، بەڵام پێویستە لە رۆژئاوا شاراوە بین، بۆ ئەوەی لە لایەن پەیەدەوە دەستگیر نەكرێین."
بڵند ئیبراهیم




