کانتۆنی جەزیرە: هاووڵاتیان مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی سووریادا هەیە

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info- ئەکرەم حەسۆی سەرۆکی کانتۆنی جەزیرەی پەیەدە، جەختی کردەوە کە، بەوپێیەی کە بەڕێوەبەرێتییە خۆجێییەکانیان بەشێکن لە سووریا، ئەوا هاووڵاتیان لە هەر جێیەک بن ئازادن لەوەی کە بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری وڵاتدا دەکەن یان نا.
حەسۆ لە ڕاپۆرتێکی تەلەڤزیۆنی سەمای سووریاییدا دەڵێت، دۆخی سووریا لە هەر کاتێکی دی قەیراناویترە و "ئومێدمان وا بوو کە بەرلە سازدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار، ڕێککەوتن لە نێوان کۆی پێکهاتەکاندا هەبوایە."
بەڵام بەرپرسێکی دیکەی هەمان کانتۆنی پەیەدە بە ناوی حوسێن عەززام دەڵێت "ئێمە وەک بەڕێوەبەرێتیی خۆجێی، لە هیچ کوێیەکی شار و شارۆچکەکان هیچ ئاماژەیەکمان نەداوە بە هاووڵاتیان تا هانیان بدەین یان ڕێگرییان لێ بکەین بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن."
عەززام زیاتر گوتی "هەڵبژاردن بابەتێکی دیموکراتییە و هەر هاووڵاتییەک بۆی هەیە پێڕۆی ئەو مافەی بکات و لە هەڵبژاردندا بەشدار بێت."
دادگای باڵای دەستووریی سووریا سێ ناوی ڕاگەیاندن کە کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی کۆماری ئەو وڵاتە کە هەریەک لە: ماهر عەبدولحەفیز حەجاڕ، حەسسان عەبدوڵڵا نووری و بەشار ئەسەدن و وەها بڕیارە لە 3-ی حوزێرانی داهاتوودا هەڵبژاردن ساز بدرێت.




