٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاشتی هەورامی: "سیاسەتمان هێشتنەوەی گڵۆپی ماڵانە بە داگیرساوی و دابینکردنی وزەی هەرزانتر و دۆستی ژینگەیە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێڕ-KDP.info-  وەزیری سامانە سرووشتییەکان، ڕایگەیاند، کەوتنەگەڕی سەرکوتوانەی وێستگەی کارەبای دهۆک و دروستکردنی دامودەزگاکانی کێڵگەی غازی سمێل، نیشانەی هەنگاوێکی گەورەی بەرەوپێشەوەن بۆ هەرێمی کوردستان. هەورامی هاوکات دەڵێت، "سیاسەتمان هێشتنەوەی گڵۆپی ماڵانە بە داگیرساوی و دابینکردنی وزەی هەرزانتر و دۆستی ژینگەیە بۆ نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان و کارگەکان."

ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکات لە زاری وەزیری سامانە سرووشتییەکان، ئاشتی هەورامییەوە بڵاوی کردووەتەوە کە "ئەم دەستکەوتە گرینگە پیشانی دەدات کە دەکرێت غازی تازە دۆزراوەی کوردستان لەکاتی گونجاوی خۆیدا بە پارە بکرێت و ئەمەش سەرەتای دروستکردنی بازاڕی غازە لە کوردستاندا – ئومێد دەکرێت تۆڕی غازی کوردستان لە دهۆک لە داهاتوویەکی نزیکدا ببەسترێتەوە بەو هێڵی غازەی کە دەبەسترێتەوە بە هەولێرەوە – لە پێناو زیادکردنی بڕە رادەستخراوەکانی غاز لەناو کوردستاندا بۆ بازاڕای ناوخۆ."

کێڵگەی غازی سمێل دەکەوێتە ناوچەی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەشی دهۆکەوە و لەلایەن کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ی نەرویژییەوە بەڕێوە دەبرێت و لەگەڵ کۆمپانیای گەنەل ئێنێرژیی شەریکە ئەنگلۆ-تورکیەکەیدا، رێککەوتنێکی فرۆشتنی غازی مێژووییان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمدا لە 18 ی ئەیلوولی 2013 دا ئیمزا کرد.

چاوەڕوان دەکرێت بڕە رادەستخراوەکان لە مەودای درێژدا بگاتە 120ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا و ئەمەش پیشانی دەدات کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت سەرکەوتووانە سامانی تازە دۆزراوەی غازی خۆی لە کوردستان گەشە پێبدات.

بەپێی ئەم رێککەوتنە درێژخایەنەی فرۆشتنی غاز، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا بڕی 120 ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی لە رۆژێکدا دەکڕێت. قەبارە سەرەتاییەکان بە نزیکەیی لە 55 ملیۆن پێ سێجای پێوانەییەوە لە رۆژێکدا دەست پێدەکات و دواتر لە ماوەی چاند مانگی داهاتوودا بەرز دەبێتەوە بۆ 120 ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی لە رۆژێکدا، و پاشان ئومێد دەکرێت بەرهەمهێنانی غاز دواجار بگاتە 200 ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی لە رۆژێکدا.

وێستگەی کارەبای دهۆک ویستگەیەکی 750 مێگاواتییە لەناو شاری دهۆکدا و 40 کیلۆمەتر دوورە لە کێڵگەی غازەکەوە. شەش تۆربایینەکەی وێستگەکە تا ئێستا بەهۆی دیزڵی گرانەوە ئیشیان کردووە بەهۆی درەنگکەوتنی گەیشتنی بڕە رادەستخراوەکانی غاز لە ناوچەی خۆر مۆرەوە بۆ ئەم وێستگەیە. هەر یەکێک لەو تۆربایینانە نزیکەی 2 ملیۆن لیتر دیزڵ لە مانگێکدا بەکار دەبات، یان نزیکەی 50.27 ملیۆن پێ سێجا غازی سرووشتی لە رۆژێکدا بە کار دەبات. 

ئەم غازە سرووشتییەی کە لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت جێگەی دیزڵ دەگرێتەوە لە وێستگەکەدا و بەشێکە لە ستراتیژی حکوومەتی هەرێم بۆ پاشەکەوتکردنی ملیۆنان دۆلار بۆ خەڵکی کوردستان کە هەموو ساڵێک لە هاوردەکردنی دیزڵی گراندا بۆ وێستگەی کارەباکە خەرج دەکرێت.

وەزیری سامانە سرووشتییەکان، ئاشتی هەورامی گوتی، کەوتنە گەڕی سەرکوتوانەی وێستگەی کارەبای دهۆک کە لەلایەن (ماس گڵۆباڵ)-ەوە بەڕێوە دەبرێت و دروستکردنی ‌هێڵی بۆریی سەرەکیی فیدەر لەلایەن (کار گرووپ)-ەوە و دروستکردنی دامودەزگاکانی کێڵگەی غازی سمێل لەلایەن (دی ئێن ئۆ)وە نیشانەی هەنگاوێکی گەورەن بەرەوپێشەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

هەروەها گوتی، "ئەمە دەرەنجامی هەماهەنگی و هاوکارییەکی براوە – براوەیە لەنێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیا ناوخۆییەکانی کوردستان و کۆمپانیا نەوتیە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ بەخێرایی رادەستخستنی غازی سرووشتیی لە پێناو قازانجی هاووڵاتیاندا."

کار گرووپ هەستاوە بە دروستکردنی هێڵی بۆری غازی 36 ئینچی لە سمێلەوە بۆ وێستگەی کارەبای دهۆک و هەروەها هێڵی فیدەرەکەشی دروست کردووە لە کێڵگەی غازی سمێلەوە کە بەستراوەتەوە بە هێڵی بۆریی سەرەکیی غازەکەوە.

ماس گڵۆباڵ دامودەزگای تۆربایینەکانیان بەگەڕ خستووە بۆ وەرگرتنی غازەکە.

چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی 2015 دا خەڵکی دهۆک بەشی خۆیان لە کارەبای بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی هەبێت، ئەمەش زیاد لە 100 ملیۆن دۆلار کە مانگانە لە سووتەمەنیی گراندا سەرف دەکرێت دەگێڕێتەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدا هەیە لە دوو ساڵی داهاتوودا غاز لە بری دیزڵ لە هەموو وێستگەکانی کارەبای هەرێمدا بە کار بهێنرێت.

ئاشتی هەورامی گوتیشی "سیاسەتمان هێشتنەوەی گڵۆپی ماڵانە بە داگیرساوی و دابینکردنی وزەی هەرزانتر و دۆستی ژینگەیە بۆ نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان و کارگەکان."

هەروەها دەڵێت "ئەم دەستکەوتە گرینگە پیشانی دەدات کە دەکرێت غازی تازە دۆزراوەی کوردستان لەکاتی گونجاوی خۆیدا بە پارە بکرێت و ئەمەش سەرەتای دروستکردنی بازاڕی غازە لە کوردستاندا – ئومێد دەکرێت تۆڕی غازی کوردستان لە دهۆک لە داهاتوویەکی نزیکدا ببەسترێتەوە بەو هێڵی غازەی کە دەبەسترێتەوە بە هەولێرەوە – لە پێناو زیادکردنی بڕە رادەستخراوەکانی غاز لەناو کوردستاندا بۆ بازاڕای ناوخۆ."

ئاشتی هەورامی گوتیشی "تایبەتمەندییەکانی غازەکە هاوتایە لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی غازی کوردستاندا لەپێناو دڵنیابوون لەوەی تۆڕی غاز لەناو کوردستاندا هاوتایە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا و دەتوانرێت لە دامودەزگاکانی ناوخۆ و دەرەوەدا بە کار بهێنرێت."

 

هەواڵی پەیوەندیدار