٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

د. دیندار زێباری: لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ سووریا پشتگیری لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر - kdp.info- جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان د. دیندار زێباری، پێشوازیی لە شاندێكی ڕێكخراوی پشتگیریی نێودەوڵەتی (UPP) بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاتوو (الیسیا بیفا) و بەڕێوەبەری پڕۆژەی ڕێكخراوی ناوبراو لە هەرێمی كوردستان خاتوو (ایرینا تزانیلا)، كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا ڕێكخراوی ناوبراو باسی لە كار و چالاكییەكانی لە هەرێم و رەوشی پەنابەرانی لە كەمپەكان كرد و هەوڵەكانیان بۆ دۆزینەوەی چارەیەك بۆ كێشەكان بە تایبەتی لە بواری ئافرەتان و گەنجان. هەروەها داوای ڕا و بۆچوونی حكوومەتی هەرێمی كرد بۆ ئەو بەرنامەیەی كە بە نیازن بەم زووانە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی ئاوارەكانی ڕۆژئاوا لە سنوورەكان ئەنجامی بدەن.

لە لایەكی دیكەوە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە پێشوازی لە بەڕێوەبەری ئاژانسی هاریكاریی تەكنیكی بۆ پەرەپێدان (ئاكتد ACTED)، (كلیمینت رۆلیت) كرد. ئەم ڕێكخراوە یارمەتی و هاوكاریی زۆر پێشكەش بە ئاوارەكانی ڕۆژئاوا دەكات لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان و دەیانەوێت بە هەمان شێوە ئەم یارمەتییە مرۆییانە بگەیەنرێتە سووریا بە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی ئاسانكاری بۆ گواستنەوەی هەندێك لە یارمەتییە مرۆییەكان و پێداویستییە سەرەكییەكان لە كوردستانەوە بۆ ناو سووریا.

جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە كارەكانیانی بەرز نرخاند و دووپاتی كردەوە كە فەرمانگەی پەیوندییەكانی دەرەوە بەردەوام دەبێت لە هاوكاری و ئاسانكاری بۆ كارەكانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، هەردوو لاش كۆك بوون لەسەر ئەوەی یارمەتی بۆ ئاوارە سوورییەكان بەردەوام بێت و ڕاوێژ بە یەكتری بكرێت بۆ باشتركردنی ڕەوشی كەمپەكان لە كوردستاندا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار