مەكتەبی سیاسیی(پ د ک): بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی ئەگەرەكان و گەیشتن بە تەواوی مافەكانمان پێویستیمان بە یەكڕیزی هەیە

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە(38)ـەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازدا ڕایدەگەیەنێت، "وەكوو ئەو رۆژە سەختانەی بۆ مانەوەی گەلەكەمان یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانمان پێویست بوو، ئەمڕۆیش بۆ سوودوەرگرتن لە دەرفەتەكان و بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی ئەگەرەكان و گەیشتن بە تەواوی مافەكانمان پێویستیمان بە هەمان یەكڕیزی هەیە."
دەقی بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی (38)ـەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازەوە:
بە بۆنەی ساڵڕۆژی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازەوە پیرۆزبایی گەرم لە گەلی كوردستان و گشت پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو ئەو خەباتكارانە دەكەین كە لە بوارە جیاجیاكاندا كاردەكەن بۆ پاراستنی ئارامی و ئاساییشی وڵات و پەرەپێدانی دەستكەوتەكان و گەشەكردن و چەسپاندنی بنەما رەسەنەكانی دیموكراسی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان، كە ئەمڕۆ بوونەتە نیشانە و ئاماژە دیارەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستاندا.
لەم بۆنەیەدا سڵاو بۆ شەهیدانی رێی رزگاری كوردستان و هەموو ئەو نەبەردانە دەنێرین كە لە پێناوی بەدیهێنانی ئامانجە رەواكانی دۆزی نەتەوەییمان گیانیان بەخشی.
سڵاو بۆ حزب و لایەنە سیاسییە رەسەنەكان كە رۆڵی بەرچاویان لە درێژەدان بە كاروانی خەبات و بەرخودان و یەكڕیزیی گەلەكەماندا هەبوو.
شۆڕشی پێشكەوتنخوازی گوڵان وەڵامدانەوەیەكی شۆڕشگێڕانەی گەلی كوردستان بوو بۆ نائومێدی و هەڵسانەوەی میللەتێك و دۆزێكی رەوا بوو لەپێناوی شكستهێنان بە پیلانێكی ئیقلیمی مەترسیدار كە بۆ لەناوبردنی ئیرادە و بوونی ئەم گەلە مۆر كرا. مێژوویش هەقیانەتی ئەو شۆڕشە مەزنەی سەلماند و، وەكوو درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول توانی بەسەر پیلانەكاندا سەربكەوێ و، دەرئەنجامیش ئەوانەی ئەو رێككەوتنەیان مۆر كرد لەناو چوون و میللەتی كورد و دۆزەكەیشی بە زیندوویی مایەوە.
شۆڕشی گوڵان قوتابخانەی یەكڕیزی و هاوسەنگەریی گەلی كوردستان بوو تا گەیشتن بە پێكهێنانی بەرەی كوردستانی كە هەوێن و داینەمۆی راپەڕینی ئاداری 1991 و بەدەستهێنانی دەستكەوتە مەزنەكانی دواتری كە خۆی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم و راگەیاندنی فیدراڵی بینییەوە وهەروەها لەو گەشەكردنە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی هەرێمی كوردستانیان خستووەتە ریزی كارەكتەرە كاریگەرەكانی ناوچەكە و جیهان.
كۆی ئەزموون و دەستكەوتەكان ئاسۆیەكی روونیان لەبەردەم كاروانی خەبات و كۆششی گەلەكەمان كردووەتەوە، بەڵام هاوكات وەكوو ئەو رۆژە سەختانەی بۆ مانەوەی گەلەكەمان یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانمان پێویست بوو، ئەمڕۆیش بۆ سوودوەرگرتن لە دەرفەتەكان و هاوكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەكانی گۆڕانكارییەكان لە ناوچەكەدا و گەیشتن بە تەواوی مافەكانمان پێویستیمان بەهەمان گیانی پێكەوەیی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەیە و دەبێت لە رەهەندە جیاجیاكانیدا بە گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتیمانی و یەك خیتابی سیاسی كار بكەین، بەتایبەتی كە لەسەر ئاستی عێراق ئەركی گەورەی گەڕاندنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و چەسپاندنی دەستوور و بنەماكانی تەوافوق و شەراكەت و ژمارەیەك كێشەی هەڵپەسێراو لەنێوانی ئێمە و حكوومەتی فیدراڵدا ماون و دیاریكردنی بژاردەی گرینگترمان بۆ جۆری پەیوەندیمان بە دەوڵەتی عێراقەوە كەوتووەتە ئەستۆ، هەروەها لەسەر ئاستی ئیقلیمی و ناوچەییش بەشێكی گرینگی چارەسەركردنی كێشەی نەتەوەیی بە شێوازی ئاشتی لە چاوەڕوانی رۆڵی كاریگەری هەرێمی كوردستاندایە.
دووبارە لەم یادەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و هەموو شەهیدانی رێی رزگاری و خانەوادە سەربەرزەكانیان دەنێرین.
سڵاو بۆ یادی بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی جوانەمەرگ و هەموو ئەو تێكۆشەرانەی سەرقافڵەی گەشانەوەی ژیلەمۆی شۆڕشگێڕی و بەرخودان بوون.
مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
26/5/2014




