٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەردەمی سڕینەوەی نەتەوەیەك بەسەر چووە... پەرلەمانی کوردستان دژی بەیاننامەكەی كۆنسووڵخانەی ئێران هەڵوێست دەگرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- تایبەت بە KDP.INFO-  پەرلەمانی کوردستان دژبە بڵاوكراوەکەی كۆنسووڵگەریی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی وەستایەوە و بە توندی سەرکۆنەی ناوڕۆكی بابەتەكە و نووسەرە وەهمییەكەیان كرد و داواشیان لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم كرد كە لێكۆڵینەوەی جیددی لەو مەسەلەیە بكات. زۆرینەی پەرلەمانتارانیش داوایان كرد كۆنسووڵگەریی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمیی داوای لێبووردن لە گەلی كورد بكات.

ئەو بڵاوکراوەیەی کە بەر لە چەند رۆژێك لە سایتی فەرمیی كۆنسووڵگەریی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی بڵاو كرایەوە و تیایدا سوكایەتی بە مێژوو و خاك و كولتوور و زمان و نەتەوەی كورد كردبوو، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا نزیكەی 60 ئەندامی پەرلەمان دژی وەستانەوە.

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان نازم هەركی، بۆ KDP.INFOگوتی: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا یەكێك لە خاڵەكانی كارنامەی كۆبوونەوە گفتوگۆكردن بوو لە بارەی بەیاننامەی كۆنسووڵخانەی ئێران كە ماوەیەك لەمەوبەر دەریكردبوو، دواتر بووە هۆی ناڕەزایەتیی زۆرینەی خەڵكی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەشدا زۆرینەی ئەندامان قسەیان لەسەر ئەم بەیاننامەیە كرد و دژی وەستانەوە.

نازم هەركی گوتیشی: لیژنەی رۆشنبیریی پەرلەمان راسپێردرا كە لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان قسە بكەن و بزانن لەگەڵ كۆنسووڵخانەی ئێران گەیشتوونەتە چ ئەجامێك لەبارەی ئەو بەیاننامەیەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی زیاتر ڕوونی كردەوە: ئێمە پەیوەندییەكی دوورودرێژمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، بۆیە هیوادارین ئەم بەیاننامەیە رای نووسەرە وەهمییەكە بێت، نەك كۆماری ئیسلامیی ئێران، چونكە سەردەمی سڕینەوەی نەتەوەیەك بەسەر چووە.

گوتیشی كە ئەگەر لیژنەی رۆشنبیری لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك، پەرلەمان یادداشتێك بڵاو دەكاتەوە و داوای ڕوونكردنەوە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات.

سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 26/5/2014 بە سەرۆكایەتیی یوسف محەمەد سادق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و ئامادەبوونی جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و فەخرەدین قادر عارف سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (6)ی ئاسایی خولی گرێدانی دووەم ساڵی یەكەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو.

سەرەتای دانیشتنەكە سەرۆكی پەرلەمان بەرنامەی كاری خوێندەوە كە لە سێ خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یەكەم بریتی بوو لە گفتوگۆكردن سەبارەت بە قەیرانی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان و پێنەدانی مووچەی هاووڵاتیانی مووچەخۆر و خانەنشین، لەسەر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان – عێراق و بە پێی بڕگەی دووەم لە مادەی (54) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە گفتوگۆكردن سەبارەت بە بڵاوكراوەی كۆنسووڵگەریی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی سەبارەت بە زمان و نەتەوەی كورد، لەسەر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان – عێراق و بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی (54) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، خاڵی سێیەم و كۆتایی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لە خوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژەیاساكانی (هەمواركردنی سێیەمی یاسای خانەنشینیی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان – عێراق ژمارە (13)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، پاراستنی خواردەمەنی، هەمواركردنەوەی مووچە، رێكخستنی چاندن و گواستنەوەی ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان – عێراق، بەركاركردنی یاسایی فیدڕالیی دەستەبەری ژمارە (12)ی ساڵی 2006، هاوكاری بۆ ئافرەتانی بێ‌ هاوسەر، درێژكردنەوەی كاركردن بە یاسای تیرۆر، دوو پڕۆژەیاسا بۆ چاودێریی بە سالدێ‌چووان لە هەرێمی كوردستان – عێراق و پڕۆژەیاسای سندووقی مووچە و خانەنشینیی هەرێمی كوردستان – عێراق) بەپێی ماددەی (71) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو.

پاشان سەرۆكی پەرلەمان باسی لە رووداوی كوشتنی ژنە 15 ساڵەكەی ناوچەی كەڵەكچیی سەر بە قەزای شێخان كرد كە بەر لە چەند رۆژێك لەلایەن هاوسەرەكەیەوە بە شێوەیەكی دڕندانە كوژرا و بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە قێزەونەی كرد و داواشی لە لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمان كرد بەدواداچوونی جیددی بۆ ئەو پرسە و رەوشی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان بكەن.

لەلایەن خۆشیەوە سەرۆكی پەرلەمان لەبەرئەوەی تا ئێستا لیژنەی پەیوەندییەكان و كاروباری رەوەندی كوردستانی پێكنەهێنراوە، داوای لە لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن و هونەر كرد لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم هەماهەنگ بن بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی ئەو مەسەلەیە.

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار