سێ كەس ڕفێندران

تكریت- KDP.info-لەسەر ڕێگای گشتیی كەركووك- تكریت، دوو پۆلیس و هاووڵاتییەك ڕفێندران و چارەنووسی پۆلیسەكانیش نادیارە.
بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو رائید فارووق، بە KDP.infoـی ڕاگەیاند: لەسەر ڕێگای گشتیی كەركووك- تكریت لە ناوچەی (خەشامنە)ـی نزیك خورماتوو، دوو پۆلیسی دانیشتووی خورماتوو كە بە نیازی چوون بوون بۆ تكریت، كەوتنە بۆسەی چەند چەكدارێكەوە و خۆیان و شوفێری ئۆتۆمبێلەكەش، كە هاووڵاتییەكی سڤیلە و ئۆتۆمبیلێكی جۆری (هیۆندای- ئەلەنترا- تەكسی)ـی پێ بووە، ڕفێندراون.
فارووق زیاتر گوتی: پاش چەند سەعاتێك لە ڕووداوەكە شوفێری ئۆتۆمبێلەكە ئازاد كراوە، بەڵام دوو پۆلیسەكە كە ناویان (حوسێن ساڵح ئەحمەد) و (سەددام ئیسماعیل حەمەد)ـە، تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە و گومان دەكرێت كوژرابن.
گوتیشی: گومان دەكرێت هێزەكانی (داعش) ئەم كارەیان كردبێت، چونكە ماوەیەكە چالاكییەكانی ئەو گرووپە لە بەرانبەر بێدەسەڵاتیی هێزە دەوڵەتیەكان لەم ناوچەیەدا، زۆر زیادی كردووە.
هیوا حوسێن ئەمین




