لیژنەی نەوت و غاز: گوشارەكانی ئەمەریكا دیپلۆماسین

بەغدا - تایبەت بە KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، گوشارەكانی ئەمەریكا دیپلۆماسین و ئەگەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە نایاسایی بووایە، ئەوا وڵاتانی ئەورووپا ئامادە نەدەبوون نەوت لە هەرێمی كوردستان بكڕن.
بڕیاردەری لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق قاسم محەممەد مشەختی، بۆ kdp.infoگوتی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر پشوودرێژ بوو لە بەرامبەر حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارە بكرێن، بەڵام بەغدا لەجیاتی چارەكردنی كێشەكان و هەنگاونان بەرەو چارەسەركردن، بەشەبودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی."
بڕیاردەری لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت یاسایی و دەستوورییە، چونكە پێشتر كە توركیا و ئەو كۆمپانیایەی نەوت هەناردە دەكەن، هەموو رێكارە یاساییەكانیان گرتووەتە بەر كە ئەم كارە یاساییە ئینجا ئەو بڕیارەیان داوە، سەرەڕای ئەمەش ئەگەر نایاسایی بێت ئەڵمانیا و ئیتاڵیا ئامادە نین نەوت بكڕن كە نایاسایی بێت و پشتگیرییشی ناكەن."
قاسم محەمەد مشەختی زیاتر گوتی: "تۆماركردنی سكاڵا لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە هیچ بەهایەكی نییە و چاوەڕوان دەكرێت ماوەی چەند ساڵێك بەردەوام بێت و كۆتایی پێ دێت."
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمەریكایش، مشەختی ئاماژەی دا: گوشارەكانی ئەمەریكا دیپلۆماسین، بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارە بكرێن، ئەگەر وا نەبووایە ئەورووپا پشتگیری لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان نەدەكرد.
بڵند ئیبراهیم




