بەرەو سەربەخۆیی ئابووریی دەبات.. فرۆشتنی نەوت بازاڕی هەرێم گەرم دەکاتەوە

هەولێر- KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێت، فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەكانی جیهان، لە چەند رۆژی داهاتوودا كاریگەریی لەسەر بووژانەوەی ئابووریی كوردستان دەبێت و هەرێمی كوردستانیش بەرەو سەربەخۆیی ئابووری دەبات.
سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئەندازیار ئەحمەد رێكانی، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: ناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان سەركەوتنێكی گەورە و گرنگە لە سیاسەتی ئابووریی كوردستان و پاش ئەو قەیرانەی كە هەرێمی كوردستان بە هۆی راگرتنی بودجە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە دووچاری بووە، چاومان لەوەیە كە بەم هەنگاوەی حكوومەتی هەرێم بە ناردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان، بازاڕەكانی كوردستان دووبارە بووژانەوەیەكی بەرچاو بە خۆیاوە ببیننەوە.
ئەحمەد رێكانی گوتیشی: ئەم هەنگاوە هیوایەكی نوێ بە وەبەرهێنەر و سەرمایەدارانی كوردستان دەدات و ئێمە لەو بڕوایەداین كە لە چەند رۆژی داهاتوودا كاریگەرییەكی زۆری ئەرێنیی لەسەر بازاڕی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەو گەرموگوڕییەیش چەند ساڵ بوو لە بازاڕ و ئابووریی كوردستاندا هەبوو، دووبارە بە فرۆشتنی نەوت بەگەڕ بكەوێتەوە.
ڕێكانی ڕوونیشی كردەوە: ئێمە وەك وەبەرهێنەران و بزنسمانان و بەڵێندەرانی كوردستان، بڕوامان وایە پارەیەكی بەهێز داخڵی كوردستان دەبێتەوە، بۆیە بە هەنگاوێكی گەورەی دەبینین بۆ سەربەخۆیی ئابووریی هەرێمی كوردستان.
سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەشڵێت: پێشتر بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەستی حكوومەتی بەغدا بوو، بەوەش هەموو رۆژێ ئێمە لە دڵەراوكێدا بووین كە ئایا ئەم بودجەیە كەی دێت و كەی دەبڕێت و كەی مووچە دەدرێت و بودجەی پڕۆژەكانیش كەی دابەش دەكرێت، ئەمانە هەمووی كاریگەریی لەسەر بازاڕ هەبوو، بۆیە ئەم هەنگاوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە فرۆشتنی نەوتەكەی، كاریگەرییەكی یەكجار ئەرێنیی دەبێت و سەركەوتنێكی زۆر گەورەیە بۆ سەربەخۆیی ئابووری و بووژانەوەی بازاڕی كوردستان و بەرەو گەشەسەندنێكی ئابووریی بەهێز دەمانبات.




