٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حكوومەتی هەرێم: هەڕەشەكانی بەغدا هەناردەی نەوت ناوەستێنێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایدەگەیەنێت، هەڕەشەکانی حکوومەتی عێراق لە دژی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بێ ئەنجام دەبن. و دەشڵێت "وەزارەتی نەوتی عێراقی خودی حکوومەت و پەرلەمانی فیدراڵی عێراق چەواشە دەکات." هاوکات كۆمپانیاكانی نەوتیش دڵنیا دەكاتەوە كە هەناردەی نەوت ناوەستێت.

 دوای دوو رۆژ لە راگەیاندنی ئەو بەیاننامەیەی حكوومەتی عێراق كە رایگەیاند سکاڵای یاسایی لە دژی تورکیا تۆمار دەکات بەهۆی رەزامەندی دەربڕین لەسەر فرۆشتنی نەوتی كوردستان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی كوردستان، لە بەیاننامەیەکی تونددا وەڵامی بەغدا دەداتەوە و تێیدا ڕایدەگەیەنێت "ئێمە هەموو کۆمپانیاکانی نەوت دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم هەڕەشانەی وەزارەتی نەوتی عێراقی بە هیچ شێویەک هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات ناوەستێنێ."

  وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە توندی هێرش دەکاتە سەر وەزارەتی نەوتی عێراق و بە پێشێلکاری دەستووری عێراق تۆمەتباری دەکات و دەشڵێت "وەزارەتی نەوتی عێراقی خودی حکوومەت و پەرلەمانی فیدراڵی عێراق چەواشە دەکات. وەزارەتی نەوتی عێراق بە بەردەوامی زانیاریی هەڵەی بە حکوومەتی عێراقی داوە دەربارەی سرووشت و رێژەی هەناردەی نەوتی کوردستان."

 رۆژی 22ی ئایاری 2014 هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان دەستی پێ كرد. تانەر یەڵدز، وەزیری وزەی توركیا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرەڕای ناكۆكیی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان،  دەست كراوە بە فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت لە رێگای بەندەری جەیهانی توركیایی و لەوێوە بە ڕێگای دەریای ناوەڕاست دەگاتە بازاڕەكانی جیهان.

 حکوومەتی عێراقی پێشتر هۆشداری دابووە هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، کە ئەگەر نەوتی هەرێم بە بێ رەزامەندی بەغدا بفرۆشن، ئەوا "دەرئەنجامی خراپی" لێدەکەوێتەوە.   

وەزارەتی نەوتی عێراقی لە دوای راگەیاندنی فەرمی تورکیا کە دەستی کردووە بە فرۆشتنی نەوتی عەمبارکراوی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە سکاڵا لە دژی تورکیا تۆمار دەکات. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانیش لە بەیانامەكەیدا دەڵێت "ئەو سکاڵا یاساییەی وەزارەتی نەوتی عێراقی لە دژی تورکیا دەبێتە هەڕەشەیەک بۆ پەیوەندییەکانی عێراق و کۆمپانیا جیهانییەکانی نەوت و هەروەها زیان بە پێگەی دیپلۆماسیی عێراق دەگەیەنێ لە هەموو جیهان و توانای هەناردەکردنی نەوتی عێراقیش دەخاتە ژێر هەڕەشەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار