ئاڵوگۆڕی بازارگانیی هەرێم و ئیمارات، گەییشتووەتە 8 ملیار دۆلار

هەولێر-KDP.info- ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو ڕایدەگەیەنێت، ئاڵوگۆڕی بازارگانییان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کە هەمەبوارە، گەییشتووەتە 8 ملیار دۆلاری ئەمەریکایی.
سەرکۆنسووڵی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان، ڕاشد محەممەد ئەلمەنسووری، بەKDP,info-ی ڕاگەیاند، "112 کۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێمی کوردستاندا کار لە بوارە جیاکاندا دەکەن"، گوتیشی، "ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات گەییشتووەتە 8 ملیار دۆلار. هەندێکی خۆراک و پێداویستیی بیناسازیی هەرێمی کوردستانیش هاوردە دەکات، هاوردەکردنیش هەموو بوارەکان دەگرێتەوە."
سەرکۆنسووڵی ئیمارات هاوکات گوتی "سێ پڕۆژە هەن کە بە تەواوبوونیان، ئەوا وەبەرهێنانی ئیماراتی لە هەرێمی کوردستاندا، تا کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە 7 ملیار دۆلار."
ئەلمەنسووری زیاتر گوتی، ئیماراتی عەرەبی لە 10-ی حوزەیرانی داهاتوودا، کۆڕبەندی پیشەسازی و بازرگانی لە هەولێر ساز دەدات کە 70 کۆمپانیا و کارگەی ئیماراتی تێیدا بەشدار دەبن، وەک ئەو دەڵێت ئەمەیش بۆ ئەوەیە کە، هەرێم بە بەرهەمە ئیماراتییەکان ئاشنا بێت.
ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو، ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆڕبەندی ئیماراتی بۆ گەشەدان بە بیناسازی لە هەولێری پایتەخت ساز دا، کە ژمارەیەک دامەزراوەی بیناسازیی ئەو وڵاتە تێیدا بەشدار بوون.
ئامانجی کۆڕبەندەکە گوازتنەوەی ئەزممونی ئیمارات بوو لە بواری بیناسازیدا بۆ هەرێمی کوردستان. هەریەک لە وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هورێمی کوردستان، سینان چەلەبی و پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی و دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم لەو کۆڕبەندەدا ئامادە بوون.




