٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

تابلۆی ناوی كوردیی گوندێك لە لایەن وەزیری دارایی توركیاوە دانرا

سەرچاوە: KDP.info

دیاربەكر -KDP.info- لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەڕاندنەوەی ناوە كوردییەكاندا، وەزیری دارایی توركیا تابلۆی ناوی كوردیی گوندێكی هەڵواسی.

پڕۆژەی گەڕاندنەوەی ناوە كوردییەكانی گوندەكان كە لە چوارچێوەی پاكێجی بەرفراوانكردنی بازنەی ماف و ئازادییەكاندا لە لایەن پەرلەمانی توركیاوە پەسەند كرابوو، دەست بە جێبەجێكردنی كرا. لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ وەزیری دارایی توركیا محەممەد شمشەك، تابلۆی ناوی كوردیی گوندی بەجیرمانی كە بە توركی پێ ڤەرگیلی پێ دەگوترا، لە ناوچەی گەرجوشی باتماندا هەڵواسی و لەو رێوەڕەسمەدا محەممەد شمشەك گوتی: لە ساڵی 1920ـەوە بە شێوەیەكی سیستەماتیك دەست كراوە بە گۆڕینی ناوە كوردییەكانی زۆربەی زۆری گوندەكان.

شمشەك گوتیشی: ئێمە وەكو دەسەڵاتی ئاكپارتی جیاوازییەكان وەكو هەڕەشە و مەترسی نابینین، بەڵكوو وەكو دەوڵەمەندی دەیبینین، بۆیە لە بواری بەرزكردنەوەی ستانداردە دیموكراتیكەكاندا توركیا هەنگاوی گرنگی ناوە و هەمووان كاتە ساتی جێبەجێكردنی یەكێك لە بەشە گرنگەكانی پاكێجی دیموكراتیزەكردنی توركیا پێكەوە دەژین و بەو جۆرە ئاكپارتی كۆتایی بە سیاسەتی رەتكردنەوە و نكۆڵیكردن هێناوە كە سەردەمانێك لە توركیا پەیڕەو دەكرا.

شمشەك هەروەها ئاماژەی دا: لە رۆژی هاتنی ئاكپارتییەوە تا ئەمڕۆ لە رووی بەرفراوانكردنی بازنەی ماف و ئازادییەكان و بەرزتركردنەوەی ئاستی ستانداردە دیموكراتیكەكاندا هەنگاوی زۆر گرنگ نراوە و هەڵواسینی تابلۆی ناوە كوردییەكانی گوندەكانیش نموونەی ئەو سەركەوتنەیە.

هیوا ئەردەلان

هەواڵی پەیوەندیدار