٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵ: فرۆشتنی نەوت هەنگاوێكی گرینگە، گرینگتریش ئەوەیە خەڵكی كوردستان پشتیوانی لێ بكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر - تایبەت بە KDP.info- لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە هەنگاوێكی گرینگ ناو دەبەن و پشتگیریی خۆیشیان بۆ ئەو هەنگاوە دووپات دەكەنەوە.

پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق هەڤاڵ كوێستانی، بۆ kdp.infoگوتی: بەپێی دەستوور نەوت موڵكی هەموو خەڵكی عێراقە، ئینجا لە هەر شوێنێكی عێراق بێت، بۆیە تاوەكو هەرێمی كوردستانیش بەشێك بێت لە عێراق، نەوتەكەی بۆ هەموو خەڵكی عێراقە.

گوتیشی: لە ماددەی 111و112ـی دەستووری عێراقدا باس لەوە كراوە كە هەرێم مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی بە هاوكاریی حكوومەتی عێراق هەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو هاوكارییە نییە، ئەمەش هۆكارەكەی بۆ نەبوونی یاسای نەوت و غاز دەگەڕێتەوە، چونكە هەبوونی ئەو یاسایە ئەرك و ماف و دەستەڵاتەكان دیاری دەكات، بۆیە ئەو كێشەیە بەردەوام دەبێت تاوەكو ئەو یاسایە دەردەچێت، چونكە هەر لایەنێك دەستوور بە شێوەیەك شرۆڤە دەكات.

كوێستانی هەروەها ڕوونیشی كردەوە: فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان نایاسایی نییە، بەڵام ئەوە كێشەیە كە ئایا حكوومەتی بەغدا رازی دەبێت داهاتە بگەڕێتەوە بۆ عێراق كە هەرێمی كوردستان دەیەوێت یاخود بەو جۆرە بێت كە خۆی دەیەوێت.

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمە هەنگاوێكی زۆر گرینگە و لەوەش گرینگتر ئەوەیە خەڵكی هەرێمی كوردستان پشتیوانی لێ بكەن و بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە، چونكە بەغدا لە هەموو هەنگاوەكان چ لە دەرهێنان و چ لە هاتنی كۆمپانیاكان دژی دەوەستایەوە تاوەكو بووە ئەمری واقیع و لە ئێستاشدا دەیەوێت لە ژێر دەستەڵاتی ئەواندا بفرۆشرێت.

لای خۆیشییەوە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی ئەبوبەكر هەڵەدەنی، بۆ kdp.infoگوتی: ئێمە لەگەڵ دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستانداین، بەڵام پرۆسەكە شەفاف و لە خزمەت هاووڵاتیاندا بێت و بۆ پتەوكردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان بێت.

هەڵەدەنی گوتیشی: پێویستە كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لە بارەی نەوتەوە لە چوارچێوەی گفتوگۆدا چارە بكرێت، چونكە تاوەكو ئێستا بەشێكین لە عێراق، بەڵام هیچ كاتێك ئەو دەستەڵاتەی بەغدا چاوی بە خەون و دەستكەوتەكانی كورد هەڵنایە.

هەر لەم بارەیەوە سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان مەروان گەڵاڵی، بە kdp.infoـی گوت: پرسی نەوت، پرسێكی نەتەوەییە و ئێمە وەكو میللەتی كورد نەك تەنیا رامان وایە نەوتی هەرێمی كوردستان بفرۆشرێت، بەڵكوو لەگەڵ هەبوونی كیان و ئاڵا و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانین، بۆیە دەستخۆشی لە هەموو هەنگاوێكی لەم جۆرە دەكەین.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار