٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داود ئۆغڵو: خەڵك زۆر باش لە قۆناغی چارەسەری تێدەگات

سەرچاوە: KDP.info

دەرسیم - kdp.info-وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، خەڵك زۆر باش لە قۆناغی چارەسەری تێدەگات، بۆیە حكوومەتیش بەوپەڕی هێزییەوە هەوڵ بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەو قۆناغە دەدات.

وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داود ئۆغڵو، بە بۆنەی ساڵیادی كوشتنی 33 سەربازی بێچەك لە دەرسیم، سەردانی ناوچەكەی كرد و لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا گوتی: ئەوانەی ئەو 33 سەربازەیان لە ساڵی 1993ـدا كوشت، دەیانەویست توركیا بخەنە نێو شەڕێكی ئەتنیكی و ناوخۆییەوە، بەڵام خەڵك دەرفەتی سەركەوتنی پێ نەدان.

لەم بارەیەوە ماڵپەڕی سۆن خەبەری توركی بڵاوی كردەوە كە ئەمڕۆ یەكشەممە وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داود ئۆغڵو، لە دەرسیم سەرەڕای بەشداریكردن لە ساڵیادی كوشتنی 33 سەربازی بێچەكدا، هاوكات لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەرییشدا گوتارێكی پێشكەش كرد و باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كوردی كرد.

داود ئۆغڵو گوتی: زیاتر لە ساڵ و نیوێكە هیچ دایكێك نەگریاوە و هەواڵی كوژرانی هیچ كەسێك بۆ هیچ ماڵێك بەڕێ نەكراوە، ئەمەیش پێشكەوتنێكی زۆر باشە بۆ توركیا و یەكەمین بەرهەمی قۆناغی چارەسەرییە.

ئۆغڵو گوتیشی: خەڵك زۆر بە باشی لە قۆناغی چارەسەری و تاموچێژی ئەو قۆناغە دەگات، بۆیە خەڵك بە هەموو ئیمكانیاتی خۆیەوە پشتگیری لەو قۆناغە دەكات و دەوڵەتیش بۆ ئەوەی خەڵك هەمیشە لە خۆشی و بەختەوەریدا بێت، هەموو هێز و ئیمكانیاتی خۆی بۆ بەردەوامكردن و بەئەنجامگەیاندنی قۆناغی چارەسەری دەخاتە گەڕ.

هیوا ئەردەلان

هەواڵی پەیوەندیدار