فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه دیپلۆماتكاران له‌دوا په‌ره‌سه‌ندنه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه ئاگادار ده‌كاته‌وه

به‌مه‌به‌ستی ئاگاداركردنه‌وه‌ی دیپلۆماتكاران و نوێنه‌رانی ووڵاتانی بیانی له هه‌رێمی كوردستان له دواپه‌ره‌سه‌ندنه‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی، ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی له‌گه‌ڵ دیپلۆماتكاران و نوێنه‌رانی ووڵاتانی بیانی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له هه‌رێم ئه‌نجامدا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه كاروان جه‌مال جێگری به‌رپرسی فه‌رمانگه ئاماده‌بوو، فه‌لاح مسته‌فا ئامانجی كۆبونه‌وه‌كه‌ی راگه‌یاندو گووتی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه به‌مه‌به‌ستی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و ئاگاداركردنه‌وه‌یه له‌دوا په‌ره‌سه‌ندنه سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ئاگاداربوون له به‌رنامه‌ی كونسوڵگه‌ریه‌كان و باسكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ، هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق به گشتی و هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌تی و ئه‌و پرسانه‌ی كه‌وا گرنگن وه‌ك بارودۆخی شڵه‌ژاوی سوریا‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوچه‌كه.
هه‌ر له‌م رووه‌وه به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم كرده‌وه سه‌باره‌ت به زیاتر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی و په‌ره‌پێدانی تواناكان له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان به گشتی و وڵاتانی ناوچه‌كه به‌تایبه‌تی و گووتی: له ماوه‌ی رابڕدوو دا ئه‌م په‌یوه‌ندیانه پێشكه‌وتنێكی به‌رچاویان به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و سه‌ردانی به‌رپرسانی باڵا‌و شاندی دیپلۆماسی وڵاتان بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌یه‌كی روونی ئه‌و پێشووه‌چوونانه‌ن.
به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌و چالاكیانه كرد كه كونسوڵگه‌ری وڵاتانی بیانی له‌ماوه‌ی رابردوو له پێناو پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێم ئه‌نجامیانداوه، ده‌ست خۆشی له هه‌ر هه‌نگاوێك كرد كه ده‌بێته هۆی زیاتر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كان.
له ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا فه‌لاح مسته‌فا باسی له بارودۆخی ئه‌مرۆی هه‌رێم و عێراق كرد و هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له مه‌ڕ رووداوه‌كانی ئه‌م دووایه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدای بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ڕوو و گوتی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه كاری بۆ بونیادنانی عیراقێكی فیدراڵی و دیموكراتی و فره‌یی كردووه و هه‌وڵی به‌رده‌وامی داوه بۆ به‌دیهینانی ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی بۆ سه‌رجه‌م گه‌لانی عیراق. به‌لام به‌داخه‌وه ده‌بینین هه‌وڵ ده‌درێت عێراق جارێكی تر بگه‌رێته‌وه سه‌رده‌می حوكمی تاكڕه‌وی ئه‌ویش له رێگای ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی سه‌رجه‌م كایه‌كانی ده‌سه‌ڵات.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كان تیشكی خسته سه‌ر پرسی گرێبه‌سته نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم و گووتی هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌بواری په‌ره‌پێدانی نه‌وت هه‌ڵیهێناوه یاساییه‌و به‌پێی ده‌ستووری عیراقی فیدڕاڵه، هاتنی چه‌ند گه‌وره كۆمپانیایه‌كی جیهانی له بواری نه‌وت بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌یه‌كی روونه كه كه كاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌گوێره‌ی یاسا‌و ده‌ستووره.
له ته‌وه‌رێكی تردا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت تیشكی خسته سه‌ر جولاندنی هێز له ناوچه‌ی زوممار له‌لایه‌ن سوپای عیراقی فێدراله‌وه و گووتی ئه‌م ناوچانه له دوای پرۆسه‌ی ئازادی عیراقه‌وه له رێكه‌وتنامه‌یه‌كی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ئه‌ركی پاراستنی كه‌وته ئه‌ستۆی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و له‌و كاته‌وه‌ش ناوچه‌یه‌كی ئارام بووه و جیاواز له ناوچه‌كانی تری عیراق دوور بووه له هێرش كرده‌وه‌ی تیرۆرستی بۆیه جوله پێكردنی سوپای عیراقی بۆ ئه‌و ناوچه‌یه مایه‌ی نیگه‌رانی گه‌لی كورده و هه‌ره‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌كه.
سه‌باره‌ت به بارودۆخی سوریا‌و هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ڕێزیان ته‌ئكیدی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست ناخاته ناو كاروباری وڵاتان و رێز له هه‌ر بڕیارێك ده‌گرێت كه گه‌لی سوریا ده‌یدات.
له دوا ته‌وه‌ری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه ئاماژه‌ی به سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له نوینه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆك كۆماری روسیا و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ هه‌رێم و دیداریان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم كرد و گوتی سه‌ردانی نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی روسیای فیدراڵ و شاندێكی بازرگانی و وه‌به‌رهێنان بۆ هه‌ریم هه‌نگاوێكی گرینه و وا بریاره له‌سه‌ر داوه‌تی سه‌رۆك پوتین ، سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌ردانی روسیا بكات و له لایه‌كی تر فه‌لاح مسته‌فا تیشكی خسته سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو بۆ هه‌ولێر و دیداریان له‌گه‌ل سه‌رۆكی هه‌رێم و گوتی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كان و بارودۆخی ئه‌مرۆی سوریا ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی دیداره‌كه بووه و له به‌یانامه‌یه‌كدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه كردۆته‌وه.
له كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا دیپلۆمات و نوێنه‌رانی ووڵاتانی بیانی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كرد كه به‌پێی ده‌رفه‌ت و له‌كاتی گۆڕانكارییه‌كان كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و عیراق ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه، هاوكات چه‌ندین پرسیار و تێبینی له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه ئاراسته‌ی به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كران كه په‌یوه‌ست بوون به یاسای نه‌وت و غاز و هه‌ڵوێستی هه‌رێم له‌مه‌ڕ بارودۆخی سوریا و پرسه هه‌ڵواسراوه‌كان و په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.




