ھاوپەیمانیی کوردستانی: فرۆشتنی نەوت دەستوورییە و پێویستە خەڵکی کوردستان ئاھەنگ بگێڕن

بەغدا-تایبەت بەKDP.info- ھاوپەیمانیی کوردستانی دەڵێت، ئەو لێدوانانەی باس لەوە دەکەن ئەم ھەنگاوەی ھەرێم نادەستوورییە، ھیچ بەھایەکیان نییە و پێویستە حکوومەتی ھەرێم لە فرۆشتنی نەوت بەردەوام بێت. دەشڵێت، پێویستە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ئاھەنگ بگێڕن، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کردووە.
گوتەبێژی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق، موئەید تەیب، بە kdp.infoـی راگەیاند: دەمێکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان توانای فرۆشتنی نەوت ھەبوو، بەڵام چاوەڕێی دەکرد لەگەڵ بەغدا بگەنە رێککەوتن، حکوومەتی بەغدایش لە جیاتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە مووچەی فەرمانبەران و بودجەی ھەرێمی کوردستان دەبڕی، بۆیە ئەمە وەڵامێکی ئەو ھەنگاوەی حکوومەتی عێراق بووە.
موئەید تەیب گوتیشی: لە ئێستادا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان كە بە شێوەیەکی فەرمی شەفاف نەوت دەفرۆشێت، ئەمە وا دەکات ھەڵوێستی ھەرێم لە بەرامبەر بەغدا زۆر بەھێز بێت.
گوتەبێژی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق روونیشی کردەوە، "ئەو لێدوانانەی باس لەوە دەکەن ئەم ھەنگاوەی ھەرێم نادەستوورییە، ھیچ بەھایەکی نییە و پێویستە حکوومەتی ھەرێم لە فرۆشتنی نەوت بەردەوام بێت، تاوەکو بەغدا دان بەوەدا دەنێت ھەرێم شەریکێکی راستەقینەی عێراقە."
ئەو گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندە بە مەرجە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی فرۆشتنی نەوت و 5%ـی قەرەبووی کوێتیش دەدات کە ھەرێم ھیچ زەرەرێکی لە کوێت نەداوە، بەڵام پابەندە بە سیاسەتی عێراق و پێویستە ئەو پارەی بەغدا بە ھەرێمی نەداوە ھەمووی لەو نەوتە بگێڕنەوە.
بڵند ئیبراھیم




