هێشتا شاندی دانوستانكاری هەرێم هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجام نەداوە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info-ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان دەڵێت، دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەكی فەرمی، دەست بە دانوستانەكان لەگەڵ لایەنەكانی عێراق لە بارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەكەن.
ئەندامی شاندی دانوستانكاری هەرێم یاسین حەسەن، بۆ kdp.infoگوتی: تاوەكو ئێستا شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان هیچ دانیشتنێكی نەكردووە و چاوەڕوانی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكەین لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە، چونكە تاوەكو ئێستا سكاڵاكان یەكلا نەكراونەتەوە و ئەنجامەكان بە فەرمی پەسند نەكراون، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی، شاندی ئەوان لە نێوخۆیاندا كۆ دەبنەوە.
یاسین حەسەن گوتیشی: تاوەكو ئێستا هیچ كارنامەیەك بۆ چۆنیەتیی گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا ئامادە نەكراوە، بەڵام لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكاندا هەندێك قسە و باس كراوە و ئەمە دەبێتە نەخشەڕێگەیەك بۆ چۆنیەتیی گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا.
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانكاری هەرێم ڕوونیشی كردەوە: دەنگۆی ئەوە هەیە كە سێبارە كاندیدكردنەوەی نووری مالیكی بۆ كورد هێڵی سوور بێت، بەڵام تاوەكو ئێستا نەبووەتە بڕیار و ئەوەی لای ئێمەش زۆر گرنگە بەرژوەندیی كورد بە تایبەت و بەرژوەندیی عێراق بە گشتییە.
ئەو گوتیشی: تەنیا كورد دژی سێبارە كاندیدكردنەوەی نووری مالیكی نییە، بەڵكوو لایەنە سوننە و شیعەكانیش لەگەڵ خۆكاندیدكردنەوەی مالیكیدا نین بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران.
حەسەن هەروەها زیاتر گوتی: جاری پێشوو گەرەنتیی ئەوە دانرابوو، بۆ ئەوەی هەر كاتێك كورد لە حكوومەت بكشێتەوە، ئەو حكوومەتە هەڵبوەشێتەوە، بەڵام بە فەرمی نەكشایەوە و تەنیا بایكۆتی دەكرد، بۆیە تا ئێستا شاندەكەی ئێمە دانەنیشتووە كە ئەم جارەش ئەمە بكرێتە گەرەنتی، بەڵام بە رای من ئەمە بەڵگەنەویستە.
بڵند ئیبراهیم




