جەمیل بایك و پەیەدە، دەیانەوێت باكوور، باشوور و ڕۆژئاوا بخزێننە شەڕێكەوە كە لە بەرژەوەندیی كورددا نییە

هەولێر- KDP.info-عوسمان ئۆجەلان نیگەرانە لەوەی كە، پەكەكە لە قەندیلەوە دەیەوێت گرفتەكان بە شەڕ چارە بكرێن و گوتی "پەكەكە دەخوازێت سەقامگیریی كوردستانی باكوور و باشوور و ڕۆژئاوا تێك بدات." ئەو هەروەها دەڵێت، "ئەوەی ئێستا جەمیل بایك سەرپەرشتیی دەكات و پەیەدەش كەوتووەتە ژێر سیاسەتەكەیەوە، دەیانەوێت كوردستانی باكوور و باشوور و ڕۆژئاوا بخزێنە ناو شەڕێكەوە كە لە بەرژەوەندیی كورددا نییە."
عوسمان ئۆجەلانی برای ڕێبەری زیندانكراوی پارتی كرێكرانی كوردستان(پەكەكە) قسە لەسەر سیاسەتی ئێستای ئەو پارتییە دەكات و جەمیل بایكیش وەك چەتەیەك دژی مافی ڕەوای گەلی كورد دەناسێنێت.
عوسمان ئۆجەلانی كە ماوەی چەند ساڵێكە لەو پارتییە جیا بووەتەوە و وەك سیاسەتمەدارێك لە ئاستی توركیادا دەناسرێت، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ KDP.infoدەڵێت: "بە داخەوە پەكەكە لە قەندیل دەیەوێت گرفتەكان بە شەڕ چارە بكرێن و دەخوازێت سەقامگیریی كوردستانی باكوور و باشوور و ڕۆژئاوا بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە و تێكی بدات، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ئەو شەڕە لە بەرژەوەندیی كورددا نییە، چونكە دەبێت ئەم چوار پێنج ساڵە كورد نزیكی شەڕ نەبێت و لەناو ئاشتیدا بژیت، بەڵام ئەوەی ئێستا جەمیل بایك سەرپەرشتیی دەكات كە پەیەدەش كەوتووەتە ژێر سیاسەتەكەیەوە، دەیانەوێت كوردستانی باكوور و باشوور و ڕۆژئاوا بخزێنە ناو شەڕێكەوە كە لە بەرژەوەندیی كورددا نییە، لە كاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی ڕێگە لەو شەڕە دەگرن كە دژی كورد بە كورد دەكرێت."
گوتیشی: "كاك مەسعوود بۆ ئاشتی و ئازادیی كورد خەبات دەكات و لەگەڵ شەڕی ناوخۆدا نییە، بەڵام پەكەكە و قەندیل خەریكە لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمی شەڕێك لەناو خودی كورددا بۆ لەبارچوونی ئەو دەسكەوتانەی بە دەست هاتوون، دروست دەكەن".
ئۆجەلان هەروەها ئاماژەی دا: "من وەك وڵاتپارێزێكی كورد، وەك نیشتمانپەروەرێك لە دژی ئەو سیاسەتەم كە پەكەكە لە قەندیل بەڕێوەی دەبات. من دەڵێم دەبێت بانگەوازیی ئاشتی بكرێت و سەرجەم هێزەكان بە یەكەوە كار بۆ سەرخستنی گەلی كورد بكەن".
عوسمان عۆجەلان دەڵێت: "ئەوەی سەرۆكایەتیی پەكەكە دەكات، كار لە سیاسەتی ڕۆژی ئەو حزبە دەكات، ئێستاش جەمیل بایك سەرپەرشتیی دەكات و بە ڕاكشاوانە دەڵێم، بایك كەسێكی نەتەوەیی نییە، هەستی نەتەوەیی زۆر لاوازە و بە شێوەیەكی دۆستانە نزیكی بزاڤی نەتەوەیی كورد نابێت، كە ئەمەش تەنیا جەمیل بایك نییە، بەڵكوو گرووپەكەی جەمیل بایكە یان چەتەكانی جەمیل بایكن لە دژی نەتەوەی كوردن، ئەو كاتەی ئێمە دەمانگوت یەكێتیی نەتەوەیی گەلی كورد، هەر ئەو كاتە ئەو هێزێكی بۆ تێكدانی ئەو بیرۆكەیە دروست دەكرد."
بە گوتەی ئۆجەلان، ئەو گرووپە بەرژەوەندیی كوردیان كردووەتە ئامانجی مەرامی وڵاتێكی دراوسێ و ئامانجی كورد دەخەنە خزمەتی سیاسەتی وڵاتێك و گوتیشی: "ئێستا پەچەدەكە لە باشوور و پەیەدە لە ڕۆژئاوا بوونەتە میلاكی ڕاستەوخۆی سەركردایەتیی پەكەكە، لە كاتێكدا ئێمە كاتی خۆی دەمانگوت با ئەم گرووپانە سەربەخۆ بن و گرووپی چەتەكانی جەمیل بایك دەیانگوت نەخێر دەبێت سەر بە پەكەكە بن، ئێستاش ئەو دوو حزبە هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ پەكەكە و چەتەكاندا نییە."
دەربارەی ئامانجی پارتی كرێكاران و پەیەدە دژی پارتی، ئۆجەلان دەڵێت: "پارتی دایكی بزاڤی ڕزگاریی گەلی كوردە لە هێڵێكدا كورد دەپارێزێت و هەوڵی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی دەدات، لە كاتێكدا ئەم بارودۆخەی ئێستای كوردستان تا 10 ساڵی دیكە بەردەوامی هەبێت كوردستان دەچێتە ڕیزی وڵاتێكی پێشكەوتووەوە كە وڵاتانی دراوسێ نایانەوێت كوردستان ببێتە شوێنێكی پێشكەوتوو."
عوسمان ئۆجەلان ماوەیەكی زۆر یەكێك بووە لە هەڵسووڕێنەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان، بەڵام دواجار وەك كەسایەتیێكی سەربەخۆ و سیاسەتمەدار ماوەتەوە و لە شارۆچكەی كۆیە نیشتەجێیە.
كارزان هەورامی




