٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسیحییەكان بە گرنگییەوە لە سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ ڤاتیكان دەڕوانن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info-  بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: "سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ لای پاپای ڤاتیكان لە ڕۆما، بەلامانەوە زۆر گرنگە، چونكە گواستنەوەی ڕەوش و ژیانی مەسیحییەكانە لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا بۆ پاپا".

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی پاپای فاتیكان بكات، ئەوەش خۆشحاڵیی مەسیحییەكانی لێ دەكەوێتەوە. لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی خالید جەمال ئەلبێر، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "سەردانی جەنابی سەرۆك بۆ فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ڤاتیكان، سەردانێكی گرنگە بۆ مەسیحییەكان، چونكە گواستنەوەی ئەو ڕەوشەیە بۆ جەنابی قەداسەتی پاپا كە مەسیحییەكانی تێدا دەژین لە كوردستان و هەروەها ئەوانەش كە لە ناوەڕاستی عێراق و باشوورەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، چونكە لە ساڵی 2003ـوە دوای نەمانی رژێمی بەعس ڕەوشی ناوچەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بەرەو خراپی چووە و لە ساڵانی 2005ـەوە مەسیحییەكی زۆر بەرەو هەرێمی كوردستان هاتن و هەرێمی كوردستانیش دەرگای بە ڕوودا واڵا كردوون".

گوتیشی: "ئەوەش بە بڕیاری سەرۆك بارزانی و جەنابی مام جەلال بوو كە مەسیحییەكان نەچنە دەرەوەی وڵات و كوردستان وڵاتی خۆیانە و بۆیان هەیە كار و كاسبیی خۆیان بكەن".

بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە سێ جار پاپامان بینیوە، ئەو نامەیەمان پێ گەیاندووە لە كاتێكدا پاپای تازە "فرەنسیس" زۆر كراوەیە و گرنگیی زۆر بە بابەتی مەسیحییەكان دەدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە عێراق و سووریا".

ئەوەشی خستە ڕوو كە ئەو سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر زەروورە بۆ لای قەداسەتی پاپا.

لای خۆیشییەوە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەلاح مستەفا، بۆ KDP.infoگوتی: "لەم سەردانەیدا بۆ دەرەوە، بەرنامەی سەرۆك بارزانی ئەوەیە سەردانی ڤاتیكان و ڕۆما بكات و لەوێش لەگەڵ پاپای ڤاتیكان كۆ دەبێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو بایەخەیە كە پاپای فاتیكان بە هەرێمی كوردستانی دەدات لە بەرامبەر ئەو ئەزموونە سەركەوتووە و هەروەها پێكەوەژیانی ئایینەكان و دابینكردنی سەقامیگری لە كوردستاندا".

هەواڵی پەیوەندیدار