لە فرۆشتنی نەوتدا "بڕیاری كورد بە دەستی كوردە"... "ئەورووپا پشتیوانە و ئەمەریكایش بێلایەن بێت باشترە"

هەولێر-KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت كە، ئەورووپا لە بڕیاری هەناردە و فرۆشتنی نەوتی كوردستان تێدەگات و ڕێز لە هەڵوێستی ئەمەریكایش دەگرن، "بەڵام بڕیاری كورد بە دەستی كوردە و هیوادارین ئەمەریكا لە هاوكێشە سیاسییەكان تێبگات و خۆیان نەخەنە ناو ململانێكانی نێوان هەولێر و بەغداوە، هەروەها لایەنگریی هیچ لایەنێك نەكەن و ئەگەر بێدەنگی هەڵبژێرن پێمان باشترە."
بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە ئێستادا یەكێك لە ئەندامانی ئەو شاندەیە كە یاوەریی سەرۆك بارزانییان كردووە بۆ ئەورووپا، دەربارەی هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپایی، تایبەت بە KDP.infoـی ڕاگەیاند، "ئەگەرچی ئەمە تەواو پرسێكی ناوخۆییە، سەرباری ئەوەیش وڵاتانی دەرەوە تێگەیشتنیان هەیە بۆ سیاسەتەكانی هەرێمی كوردستان، چونكە دەزانن كە ئێمە هیچ پێشێلكاریێكی دەستووریمان نەكردووە و پابەند بووین پێوەی، كارەكانمان دەستوری و یاسایین و لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە و لە خەم بەرژەوەندییەكانی عێراقیشدا بووین، هاوكات توانیویمانە سیاسەتێكی سەركەوتووی وزە پەیڕەو بكەین لە كاتێكدا سیاسیەتی وزەی بەغدا شكستی هێناوە."
حكوومەتی هەرێم كوردستان، دوێنێ فرۆشتنی یەكەم گەڕی نەوتە عەمباركراوەكەی بەندەری جەیهانی توركیای بە فەرمیی ڕاگەیاند. لە یەكەم كاردانەوەیشیدا حكوومەتی عێراق ڕایگەیاند كە سكاڵای یاسایی لەسەر توركیا تۆمار دەكات، هەڵبەت فەلاح مستەفا لە بایەخی سكاڵاكەی بەغدای كەم كردەوە، گوتیشی، "ئەوەی ئێمە وەك حكوومەتی هەرێم كردوومانە لە چوارچێوەی بەبنەماگرتنی دەستوور و یاسا بووە، دەمێكە ڕێگری لەوە دەكرێت و ناكرێت چی دی چاوەڕوان بین. دنیایش لەوە تێ دەگات كە هەرێمی كوردستان ئەو مافەی هەیە."
بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە ئێستادا یەكێك لە ئەندامانی ئەو شاندەیە كە یاوەریی سەرۆك بارزانییان كردووە بۆ ئەورووپا و سەردانەكە هاوكاتە لەگەڵ هەناردە و فرۆشتنی نەوت، دەشڵێت، "وڵاتانی ئەورووپایی بە شێوەیەك سەیری هەرێمی كوردستان دەكەن كە توانیویەتی بە سەركەوتوویی مامەڵە لەگەڵ پرسی نەوتدا بكات و هەرێمی كوردستان كە پێشتر نەیتوانیوە یەك قەترە نەوت دەربهێنێت، ئەمڕۆ توانیویەتی نەوت بەرهەم بهێنێت و هەناردەی بەندەرەكانی جیهانی بكات و ببێتە جێگای باوەڕی بازاڕی وزەی جیهانی."
مستەفا هاوكات گوتیشی، "ئێمە چەند ساڵێكە لە بواری وزەدا كار دەكەین، چەندین كۆمپانیا دەستووری عێراقیان خوێندووەتەوە و چەندین یاساناسیان هێناوە و پرۆسەكەیان تاوتوو كردووە و ئینجا گەییشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئێستایان."
بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، پێوەست بە كاردانەوەكانی حكوومەتی عێراق زیاتر ڕوونی كردەوە، "هەرێمی كوردستان لە ڕێگای پابەندبوون بە دەستوور و بڕوابوون بەوەی، یان ئێمە هاوبەشی ڕاستەقینە دەبین لە عێراق، یان پێویست ناكات ئێمە بەشێك بین لێی، بۆیە دەستەڵاتداران لە بەغدا دەبێت هەست بەوە بكەن كە كورد یان دەبێت هاوبەشی ڕاستەقینە بێت لە چوارچێوەی دەستوور دا و مافەكانی بدرێتێ، یان پێویست ناكات ئەو پەیوەندییەمان بمێنێت."
هەروەها دەڵێت، "ئێمە بە ڕاشكاوانە بە هەموو جیهان و بەغدایشمان گوتووە، ئەگەر دەتانەوێت بمێنین و پێكەوە كار بكەین، ئەوا دەبێت پابەند بن بە دەستوورەوە، چونكە سەردەمی نكۆڵیكردن بەسەر چووە كە لە ناوەندەوە بڕیار لەسەر هەموو شتێك بدرێت و ئاییندەی كوردستان بە دەست كەسانێك بێت كە غەیری كورد بن. بۆیە یان دەبێت ئێمە چاوەڕێی پەیوەندیی تازە بكەین لە نێوان هەولێر و بەغدا، یان دەبێت ڕێگایەكی دیكە بدۆزرێتەوە."
ئەو ڕاشكاوانە دەڵێت، "با بەغدا بچێت ئارامی و ئاساییش دابین بكات، با بەغدا بچێت كارەبا و سەقامیگری بۆ هاووڵاتیانی خۆی دابین بكات، ئەو كاتە بێت بەرۆكی هەرێمی كوردستان بگرێت، بە راستی ئێمە بێزار بووین لەو لێدوانانەی بەرپرسانی بەغدا كە هیچ مانا نابەخشن. چونكە ئەگەر بیانەوێت ئێمە سەر دابخەین و گوێ بە هەموو شتەكانیان بدەین، ئەوا هەڵەن."
بە نیگەرانییەوە درێژەی بە قسەكانی دا و گوتی، "یان دەبێت ئێمە هاوبەشی ڕاستەقینە بین و كار بە بنەما دەستوورییەكان بكرێت، یان خۆمان بڕیار بدەین"، دەشپرسێت "ئەی بۆچی بەغدا وەڵاممان ناداتەوە بەرانبەر بە قەرەبووكردنەوەی كیمیارابارانی هەڵەبجە؟، بۆ وەڵامی ئێمە نادەنەوە لە بەرانبەر وێرانكردنی 4500 گوندی هەرێمی كوردستان؟، بۆ وەڵامی ئێمە نادەنەوە بەرانبەر بە كوشتنی 8 هەزار بارزانی و هەزاران ئەنفالكراوی گەرمیان و 12 هەزار كوردی فەیلی بەغدا؟، بۆچی ڕێز لەو یاسایانە و یاسای نێودەوڵەتی ناگرن و دەچن سكاڵا پێشكەكەش دەكەن؟"
دەربارەی هەڵوێستی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایش دەربارەی فرۆشتنی نەوت، فەلاح مستەفا ڕایگەیاند، "ڕێزمان هەیە بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بەڵام بڕیاری كورد بە دەستی كوردە و هیوادارین ئەمەریكا لە هاوكێشە سیاسییەكان تێبگات و خۆیان نەخەنە ناو ململانێكانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها لایەنگریی هیچ لایەنێك نەكەن و ئەگەر بێدەنگی هەڵبژێرن و لایەنگریی نەكەن پێمان باشترە، چونكە ئەوەی ئێمە دەیكەین لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و خەڵكی كوردستانە و، ئێمە نابێت سەیری ئەوە بكەین كە كێ پێمان بڵێت ڕاست و كێ پێمان بڵێ هەڵەت كردووە."




